بحث هذه المدونة الإلكترونية

30‏/04‏/2011

دڕندەی شەڕانی یا فریشتەی ئاشتی

دڕندەی شەڕانی یا فریشتەی ئاشتی
هەڤاڵ سەید حەسەن
haval.1967@gmail.com
٣٠ / ٤ / ٢٠١١
ببورن لەم نوسینەدا مەبەستم خۆنەبانکردن نییە لەبوونی ئینسانی ئێوەی ئازیزو خۆشەویست، زۆرێک لە ئێوەم دیوە، خوێندنەوەم بۆتان هەییەو ڕاپۆرتم لەزەینی خۆما دروست کردووە بۆ جوانییەکانتان، دەزانم مرۆڤن، بەدەستووری ئاژەڵ هەڵناسووڕێن، ڕێگەنادەن بەکەسە بەهێزوو خاوەن ئامرازەکانتان، کەم دەستەڵاتوو فەقیرەکانتان بکوژێ، بپلیشێنتەوە، بسڕێتەوە. دەزانم ئێوە نە گندۆرەو نە گابەڵەکن تا بەڕەنگوو ڕەگەزو گووەگوگەتان بناسرێنەوە. دەزانم ئێوە کەڵەشێریش نین، تا لەسەر تاقە بانگێکی زووی بەر لە کازێوە، بەکێردێکی زەردوو ساردوو سڕی گاوانێ سەربڕدرێن، هەر لەبەر ئەوەی گاکڕوو گاوانەکان لەودەمەدا حەزیان لە دونیایەکی ماتوو بێ دەنگوو بێ جووڵەییە. بۆیە زۆر بەخێرایی و بەتوڕەیی، بەبێ بیرکردنەوە سسزای مەرگی سەرپێچکارانی یاسای بێدەنگی و جووڵە دەدەن. ببورن دەزانم ئێوە هەمووتان مرۆڤنوو زۆر میهرەبانن، یەکترتان زۆر خۆشدەوێ، قەت عەزیەتی یەکترنادەن، دەزانم ئێوە نەئاژەڵوو نەپەلەوەرن، تەنانەت ڕووگەی خیانەت لە جیهانی ئێوەدا نەناسراوە، نەک خیانەت لە ژنەکانتان، بەڵکو خیانەی لە ئاسمانوو عەردوو  هیچکام  لە بەگیانوو  بێگیانیکیش ناکەن، ئاژەڵتان زۆر خۆشدەوێ شەیدای هەندێ لە ڕووەکی بەرداروو  ژمارەیەکیش لەگوڵە بۆنخۆشوو ڕەنگینوو جوانەکانن. دەزانم بەخوێندنەوەی بیردۆزەکانی بافلۆف و داروین هیچ شتێکتان تیادا ناگۆڕدرێ و کەس لە ئێوە نابێتە سەگوو کار لە ڕژێنو لیکتان ناکا، نابن بە مەیموونوو بەرگری لە گیانی یەکتر ناکەن سەری یەکتر پاک ناکەنەوە. دڵنیام کە هەروەک خۆتان دەمێننەوە بە نەگۆڕی، نە بە پەرجووی بۆنوو هەڵاوی بخور، نەبە جولانەوەی دەستوو نەزری جەستەو توانەوەی لەنێو سەلەواتوو دووعا، یا بەخوێندنەوەی چەند ساتیروو تەنزی پڕمەزاقی گۆڤارێ، تەواوی نوسینوو دەنگی ئەم دونیایە ئێوە  ناجولێنێ. لەپڕێ نابن بە لەڕەشێری بوێر، یا کەڵەشێروو کەوی سەربەرەوژێر. من ئەوڕۆ دژی ئەو بۆچوونەم کە دێژێ (تۆ دەبی بەو شتەی کە دەیخۆی)، ئەگەروابوواییە ئێمە هێندە خولیاو ویستی بەهێزمان تییایە بۆ مرۆڤبوون، بۆ کوردبوون، دەبا هەموو یەکتر بخۆین، تا ببن بە کورد، تا ببن بە مرۆڤ. بەداوای لێبوردنەوە، دەزانم ئێوە هەر مرۆڤن، یەکترتان خۆشدەوێ، یەکتر ناخۆن، هەمیشە قوڵپی سۆزێکی گەرم لەناختانا سەردەکاتو پەیکی ئارامی و میهرەبانی بۆ هەناسەو خوێنتان دەبا، هزرتان سافوو هاوسەنگ دەکا، دڵنییاموو دەزانم ئێوە هەمیشە بیردەکەنەوەو چاکەی یەکترتان دەوێ، هەربۆیە ئێوەم پێ کوردە، ئێوەم پێ مرۆڤە، بەبێ ئەوەی یەکتر بخۆنوو کاوێژی سەری یەکتربکەن.
 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق