ڕێزوو خۆشەویستیم بۆ سەرجەم
هاوڕێیان، پرسیاری خۆشی و پێکەنین و ئارامیتان دەکەم، لەکانگای دڵەوە دەخوازم کە
ساڵی نوێ خۆشی و ئارامی و ژیانی باشتری تیابێ بۆ هەر هەمووان، ساڵی تازە ساڵی
شەرەفمەندی و دەستپاکی و ویژدان ئارامی زیاتربێ بۆ هەمووان، دەستی ئەو کەسانە
بەگەرمی دەگوشم کە بەباشی ماڵئاوای لە زەردەپەڕی ئێوارەی پار و پێشوازی لە شەبەنگی گەلاوێژی
بەیانی تازە دەکەن، سلاو لە هەموو ئەوانەی کە لەدەستەلاتی زۆرەوە توانیان مرڤبوونی
خۆیان تێرڕەنگکەن و لەخود خاراوی
خۆیانەوە، لە خەسڵەت جوانی و ڕۆح شیرنی خۆیانەوە توانیان ساڵ بەئارامی
بەڕێکەن. سلاو لە هەموو ئەوانەی هەژاری و نەخۆشی و چەواشە و خەراپە نەیتوانی زەفەر بە ڕۆحیانبات و ناچار بە دەستە ڕەشەکانی بازاڕ نەبوون و خۆگرو بەرگریکاربوون لەخۆیان و بەسەربڵندی ڕۆژیان ئاواککرد...
لەم ئێوارەیەدا باپیرم ( مەلا سەعید )بیرکەوتەوە، لە هەولێر
زۆرجار بە خەلیفە ناودەبرا، دەمەو عەسرێکی درەنگ لەگەوی ڕۆژهەڵاتی قەڵاوە ڕاستەڕێی
گەڕەکی بیرێژیانی گرتوبووەبەر، لەدورڕا شێخ محێدین لە بەردەمی قەنتەرانی
مزگەفتەکەی خۆیەوە هاوارو هەرای بوو، بەدنگێکی بڵند دەیگوت( هۆ هۆ مەلا شوعی، هۆ
مەلا شوعی)، ئەویش بە خۆشی و لاقرتێیەکی چەندبارەو پێ ئاشنا، لەئاستی خۆیەوە بە
هەمان تۆن و بڵندی هەوا، هاواری بۆ دەسەندەوەو دەیگوت( هۆ هۆ ، شێت محێدین، شێت
محێدین)(١) لەوبەری قەڵاوە، شارنشینان، تەنها هەستیان بە فێنکی و فەڕاحی
دونیادەکرد، هەموو بە دەنگە خۆشەکان ئاشنابوون، هەموو بە ڕیتم و ڕەوتی نزاو نەزری گەرمی پەپولە سپییەکانی دەخەنین، وشەکان دەبون بە دەنگ و وەک بەفری سپی لەسەر دڵوو دەرونیاندا هەڵدەنیشت و ژیان لەم تاوەدا دەبوو بە فڕگەی
فراوانی ئاسودەیی ڕۆح و ئولفەت، هەستی قوڵی لەسەر چاو و برژانگی باگا و خەوتووکان
دادەنا...
زۆرێ لە ڕووداوەکانی ڕۆژ، دەبن بە هەست و بابەتێ، وەک
بنیشت بە بنمیچی عەقڵ دادەنوسێن و زۆرجار گرێدانێک یا باشرە بڵێم فلاشباکێک(٢)
دێتەئارا کە یەکڕێ بۆ ناو جەرگەی ڕاستیەکانی دوێنێمان دەگێڕێتەوە، لە پەنجەرەی
ژیانەوە، ئەزمون و خەیاڵی خەمڵیوی ئەمڕۆ
دێژێ: هیچ باوەڕێ ناتوانێ بەهانای پاژە دڕندە و جەنگەڵییەکەی کەسێ بێ کە دڵرەقی و
شەڕەنگێزی، دابڕانێکی بنەمایی گەورەی لە
بوونیدا دروستکردبێ. زۆرێ لەو گورگە دوولەپانەی کە چێژ لە ڕق و ئێشاندن و ترساندن
و تێکشکاندن دەبینن، بە لەپی غەریزە هەڵدەسوڕێن و جیاوازییەکی زۆریان نییە لەگەڵ
دڕندە شەوگەڕەکانی دارستان. لە بارە مەترسیدارە بێ گەڕانەوەکاندا لەپە ئینسانییەکە
فرە پەرتەوازەو کاڵ و شێواو بچوک و هەرسکراوە، نە تێکستە پیرۆزەکان، نە میهری ناو
دڵی ئاین، نە هیچ باوەڕێکی ڕوونی زانستی ژیاری، ناتوانێ لەپە مرۆییەکەی بدۆزێتەوە ژیوەلەیکا. سەرەنجام
ئەم توخمە لە وەحشیترین شیوازی بوون خۆی دەردەخات، لەوێنەی ڕەوتی هێتلەر و ستالین و
بنلادن و عەبدولا عەزامەوە، تا دەگات بە ئەبو
بەکری بەغدادی و داعشیەکانی ئەوڕۆ، کە تەنها سێبەری مەرگی مرۆڤ و وێرانکاری شارستانی
ئەوڕۆیان لە هەگبەدایە.
زۆرجار سۆز و تاسە بۆ دێرینترین هونەری ئادەممیزاد ڕامان دەکێشێ بۆ لای شتێ کە هاوەڵ و هاوتای
بوونی مرۆڤایەتییە، ئەویش خودئاگایی و خۆشەویستیی و ڕێزە بۆ( ژیان )، تێگەیشتن و
پەرەدان بە واتاکانییەتی.
هەڤاڵ سەید حەسەن
١: ئەم گێڕانەوەیەم لەدەمی (سەید مەجید) بیستووە لە کاترینە هۆلم .
٢: فلاشباک : گەڕانەوە بۆ دواوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق