بحث هذه المدونة الإلكترونية

04‏/01‏/2015

کێ خەتابارە !




درێژەکێشانی  کێشە و گرفتەکان، گەورەبوونی خەموو  نەهامەتییەکان، دانەجیڕە ، هەڵکڕوزانی ناخ ، فرمێسکی بەتاو و گەرمی مناڵان خەتای کێیە، بچووکی ویست و خەونەکان خەتای کێیە ، مانەوە و چەقین لە یەکوەرزی پڕ لەتۆز و خۆڵ و خەم و خەزان خەتای کێیە،  لەئازایەتی و زۆری هێزی ڕەشی  یەک ڕەنگ و دژەوەرزە ، یا بە پەرجووی ڕەش سوڵتانی  ئەنکەرە و  دوعای بێدەستنوێژی ئاخوندی لەتم و لێدانی  بەدرۆ و مەسخەرەیە، یا بە نزاو فەتوای شەیتانی  کەیف  و مەی و مەدخەنەییە!
نە  دراکۆلا تینوەکەی حەدبا، نە  کانیباڵە  برسیەکەی تاران ،نە  ڤامپیرە  چاوسورە ڤانداڵەکەی ئیستەمبۆل ، هیچ یەکێک لەمانە  خەتابارنیە! هیچ یەکێکیان شاهۆی  شەپۆلی شەڕ و گەردەلولی ڕق و سێڵاوی توانەوە و هەرەسی ڕۆح و جوانی و خۆشییەکان نییە، لەمێژە خوا کێوەکانمان دەبینێ و بەفری تێداوێ،  لەمێژە بە مەلەی ناو خەمە قولەکان ڕاهاتووین،  لەمێژە تۆبە بۆ خەتایەک دەکەین کە لێی بێبەرینە، بەقەد مێژووی وشکەساڵی نوێژمان بەباراندا، تاوایلێهات قاچمان لەلاشەی ڕێگاچەقی و ڕۆح بوو بە خاک، هەموو بوین بە سیاسی و دۆخینی لاستیک و مرادخانی  و ئەدیدایسی نوێمان بۆ بەکردندا، پێکەنینمان لە گریان هەڵساند و مەرگمان لە ژیان ئاشکراکرد، بوین بە مامۆستا و ئاوەزمان لە وشەی کوردی جیاکردەوە، هەموو پیتەکانمان ئەزبەرکرد و هەست و بزاڤمان لێپاڵاوت و  سۆی سۆزمان سافکردەوە ، ڕۆژێ سەدجار وەک وەک قەوانی هەرە خۆشی قۆشمە و قۆریات، لەچایخانەی زانستی سارد و مەعریفەتی لاونیو و فەلسەفەی لێڵ و دوو  ڕەگ و ڕەنگ، وەک  بازاڕی هەراجی دۆلار بۆی  بووین بە پەیژە و بوین بەمار، تا بووین بە ماڵ، بووین بە شاعیر و بەبەردەوامی هەڵێنجمان بە بۆنی گوڵی دەمڕێگاوەدێ، ئاشق بە گرد و قۆپەنی ڕەشداگەڕاوی تەپاڵە بوین و هەر دەڕۆین و هەر چاومان بڕیوەتە  چاڵی بەرپێی خۆمان و جارجار نیگا هەڵدەبڕین بۆ ئاستی کلکە کەر و  مەندیل و گۆچانی  مەلا ،. لەم ئانەدا هەموو کەیفێ لە ئینجاز و لە ئیختیاری خۆماندایەو  فرە چێژی لێوەردەگرین و بەدەم ڕێوە گۆرانی و گێلگێلەی  بۆ هەڵدەڵێین ، کەس نازانی زیدەبەهای  خۆشی  لە شێلانی  شانی شلکەی ڕیخە، یا لە  تریقەی تەقاندنی قشپلی ڕەقی سەر ڕێیە. هەموو سەرمان سفرکردووە و خۆمان  بەزاناو مریدی ئەم ڕێیگە پیرۆزە دەزانین، بەبەردەوامی دەچین بۆ مەقەڕ بۆ زانکۆ، هەموومان لەیەکدەچین و  نەخۆمان و نە کەسێکیتر، نازانێ سەرمان چی تیایە، سەدانساڵە هەمان دەنگ و هەمان  بۆن و هەمان دیمەن و هەست بەر گوێ و لوت و چاومان دەکەوێ و هەمیشە سحری تەعدیلی تەپاڵە، بیرمان تەپاوتلدەکات و  خەیاڵمان خاوو ئەرخەیاندەبێ و هێندە کڵۆفەی بێ وەسف و نەبینراوی  تیادا سەردەکات، وادەزانین کلکەکەر هەموو دیرۆک و  ڕێیە، مێزەروو مەندیل  خڕکەی داهێنانی عیلمی دوور لە وڕێنەی  پێیە، بەرچیغ و قامچی و حەیزەران باشترین عەدالەت و فەزیلە و حیلمی ئاژوانی ڕێیە.  سەدانساڵە بەئادەتمانگرتوە،  پێنج فەرزە دەچین بۆ مزگەوت و زانکۆ و مەقەڕ، بەڵام بە  چارەو چاوو ئەقلمان، تا ڕۆژی ئەوڕۆ،  نەمانتوانی  نوێژکەرێ لە میزکەرێ جیاکەینەوە،  مەگەر خوای بان ڕێگا بەهانامانەوەبێ!
هەڤاڵ سەید حەسەن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق