بحث هذه المدونة الإلكترونية

04‏/01‏/2015

سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی تورک





تورکیای ئەردۆغان ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەژێر پەردەی دین و بازرگانی، توانی ڕۆڵی هەبێ لە پوکاندنەوەی زۆربەی پڕۆژە بنەماییەکانی کوردستان، بەباشی توانی کەڵک لە ناهۆشیاری و ڕقی گەورەی ناو دڵی سەرۆک حزب و حوکومڕانە خۆویست و لاوازەکانی کورد وەرگرێ، یەک نیشتیمانی بەڕواڵەت جوان و خاوەن زۆر شتی  پان و بڵند، بەڵام لەناوەرۆکا بێکەلک و بێفایدە، ئەمڕۆ گەورەو بچووکی کورد دەزانێ ئەم باڵەخانەو ئەو پێکهاتە بەناو دامەزراوەی ستراتیجی ناتوانێ زگی یەک مناڵە کورد تێرکات، نەیتوانی مانایەک بۆ ژیان ڕێکخا و بوو بە ژێرەڤانی و بارگرانییەک کە نەک خەڵکی ئاسای بەڵکوو خودی هەڵسوڕێنەرانی بەبێزارییەوە بەدەر لە مانای قورسی هەڵئاوسان و  خۆرکی گەندەڵی و گەمانی پیس و نا مەشروع، ئامانجێکی تریان لە زەین دانییە و ئەمڕۆ ئەوەندەی خۆیان دەترسێنێ هێندە خەڵکە باشەکەی وڵاتمان ناترسێنێ!
سەرەڕای هەبوونی ئەو کەلاوە ڕوو بەبریقووباقە  و هەموو ئەوشتە بێ مانایانەی ئەمڕۆ، تورکەکان بۆیان دەرکەوت کە جەوهەرو ناوئاخنی گەل هەرگیز بەو گەندەڵ و بەڵێندەرە بێویژدان و بێشەرم و بێمروەتانە لەجوانی بەتاڵ نابێتەوە، لە کوبانی  مەڵبەندی ئازایان، لە کەرکوک و گەرمیانەوە تا دەگات بە ناوجەی گەرمەسێری پارێژگای دیالە نمونەی بەهێزی بەرگری و قوربانیدان و خۆشەویستی وڵاتوو هەڵوێستی باڵای ئینسانییان نیشانداوە. ئەم دۆشدامانەی تورک لە ئاستی مەیدانی ناو شەڕگەکان و لەئاستی ڕاڕایی و بڵمەبڵمی هەر ڕۆژەی سەرانی مەرگ و خوێنی تورک بە ڕوونی دیارە، ئەم وتەیەی کە هەندێ لەو چەهرە سیاسیانەی کە دێژن ( کورد شەڕی دەوڵەتێکی ئیسلامی دەکات )، ئەوان لەوەشدا ئەگەر مەبەستیان چەواشەش نەبێ ئەوا خەڵک پەی  باری خەراپی گیانی و  ترس و هەڵپەی خۆ هەڵواسینی ئەمان دەکات بە باڵی ترس و خوێناوی بایەقوشی مەرگ. ئەم وتەیە ئەوەندەی دانهێنانە بە دەستەڵاتی ڕەشی هەناردەکانی ئەردۆغان  ئەوەندەش دوورە لە خورتی و  ڕووحییەتی بەرەنگاری کۆمەڵانی  خەڵک، بەم وتارە ڕزیوە ئاشکرای دەکەن کە ناوێرن بڵێن کورد  لە داعشدا شەڕی تورکیای  ڕەگەزپەرست دەکات!
ئەوەی کە ڕوون و زۆربەی خەڵکی وڵاتپارێز دەیزانێ، کە سیاسەتی ئەردۆغان لە ڕۆژەڤی خۆیدا ڕووبەڕووی بونبەستێکی گەورەبۆتەوە، تەنها ئامرازێ بەدەستییەوە مابێ بەکارهێنانی خودی کوردە، بۆ ئەوەی ئەم یەکیەتییە نێودەوڵەتییەی کە ئاگایانە بەرسنگیان لە مانۆڕە پیسوو نامرۆییەکانی تورکیای داعشکرد گرتووە و هەموو تەڵەو فاقەکانی ئاسمان و  سەر زەمین هەڵدەتۆقی و پوچدەکرێتەوە، هەربۆیە، مەزەندەدەکرێ ئەردۆغان شانەکانی مزگەوت و سیاسییە گوێڕایەڵەکانی باگابێنێ بۆ ئەزموونێکی تاریکتر لەوەی کە هەموومان لەم چەند هەیڤەی بووری بینەری بووین، هەر هێزێکی کوردی بچێتە ژێر چەتری ئەردۆغان کۆمەڵگەی کوردی لە هەڵچوونێکی گەورە نزیک دەکاتەوەو پڕووشکی ئەم دۆزەخە لەپێگەشتنی خۆیدا خۆشیان دەگرێتەوە و دەسوتێنێ و هەر لە  قۆپک و کوخەکانی خۆیان بە جەمەدانییەکانی خۆیان کۆتایی بەژیانیان دێنن و شەرعی داعشیان لەسەر بەڕێوە دەبەن!
گرنگە ڕێگە نەدەن ببن بە هەسپی تڕوادە و ڤایرۆسی مەرگی  ئەردۆغان ببەنە ناو ماڵی کورد!
چەندەی ڕوون بن لەگەڵ هاو خوێن و هاوخەمانی کورد لە زەرەری ئەم ئافاتەدایە!
هێزی هاوپەیمانان گرنگە پێشوازی لێبکرێ، هەر سەرکردەیەکی کور بەفیتی ئەملاو ئەولا بۆ هەندێ بەرژەوەندی بچووک، هیچچ دۆخێکی ئەرێیی نەمرێنێ بۆ تورک، نەبێتە مامانی دەوڵەتی جینۆساید، لەڕەوشی ئەمڕۆدا زۆر گرنگە دەمەزراوەی بەرگری کورد بە هاوبەشی هەموو هێزە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بێ، ڕەوشی ئەمڕۆ شتێکی کاتی نییە، نابێ هیچ هەڵوەشانەوەیەک بەبەرنامە بگیردرێت، ئەگەر هاوکاری یەکتربن و بەرژەوەندی باڵا ڕەچاوکەن، دەبێ ژیری بەرەو ئەوەتان ببات کە کوردستان دەبێ وەک دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێبکات و ڕێگە بە سوپای هەموو زلهێزەکانی دوونیا بدرێ، تا بەشداری مەیدانییان هەبێ لەم خۆگری و درووستبوونەدا!
ئەو پێشنیارەی کە لەلایەن دەستەڵاتەوە خرایە ڕوو، کەوا حکومەتی کوردستانی پارە قەرزکات، ئەمەشیان بنکۆڵێکی تری تورکە بۆ ئەوەی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی  لە کوردستان هەرەس پێبێن، بۆیە خوێندنەوەی درووست و واقعبینانەی بۆ بکەن و ئەم پرسە لەژێر هەژموونی ئەو سیاسییە فاشیلانە دوورخەنەوە کە نۆ مانگە خەڵک بە قەنداوی تورک ژیردەکەنەوە، ئەم پرسە دەبێ زانکۆی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و  کەرکوک و دیاربەکر عامودەو سنەو مهاباد و  کوردانی لێهاتووی تاراوگە خەڵکانێکی زانستی و شیاو، شیکار بۆ ئەم روشە قەیراناوییە بکەن و بڕیارێکی لەسەر درووست کەن، ئەگەر قەرزیش وەک ڕێگە چارەیەک بێتە ئارا ، گرنگە لە  بانقەکانی تورک و ئەو کەسە گەندەڵانەی کە ماشەی دەستی هەندێ پیسخۆری ناو دەستەڵاتی کوردین بۆ سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەیانەوە سوڕی ژیانەوە بۆ سامانە ڕەشەکانیان درووست دەکەن، نەبێ!
هیوادارم کە هەموومان بەوانەیش کە زۆر هەڵەی کوشندەیان کردووە هەموو بە لێبووردەیی و بە تێگەیشتنەکی نوێوە بسازێن و هەڵوێستی جدی لەسەر پرسە گرنگەکان وەرگرن و بە ڕوونی هەموو ئەو بڕیارە چارەنوسسازانە بۆ کۆمەڵانی خەڵک بخەنەڕوو!

هەڤاڵ سەید حەسەن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق