بحث هذه المدونة الإلكترونية

08‏/05‏/2015

کۆتایی جەنگ


خۆبەدەستەوەدانی نازیستەکانی ئەڵمان  لە ٨ / ٥ / ١٩٤٥ پایانی ڕۆژە خوێناوییەکانی جەنگی  جیهانی دووەم بوو! بەردانەوەی زیاتر لە ٧٥٠ هەزار تۆن بۆمب بەسەر ئەڵمانیا و تەقاندنەوەی ملیۆنەها خومپارە و فیشەگ، زۆرێ لە پایتەخت و شارەئاوەدانەکانی گێتی کرد بە کەلاوەی سوتاو و تەنها بۆنی هەڵکروزاوی لاشەی مرۆڤ و بارودی لێدەهات!
چەکەکان بێدەنگکران لە ئەوڕووپا، بەڵام شەڕو کوشتار لەیابان درێژەی کێشا تا هیرۆشیما و ناکازاکی لە  ٨ و ٩ / ٨ / ١٩٤٥ بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومان کرا و بەرەبەیانی ٢ / ٩ / ١٩٤٥ یابانیش دوای تێکشکانی لەجەنگ خۆبەدەستەوەدانی خۆی ڕاگەیاند! ئەمڕۆ لەسەراسەری جیهان یادی کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم دەکرێتەوە، باسی کارەساتەکانی ئەو جەنگەی کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن سەرباز لەم جەنگەدا بەشدار بوو، ژمارەی زیانە گیانییەکانی شەڕ هەڵدەکشێ بۆ سەرووی ٥٥ ملیۆن مرۆڤ! قوربانییەکانی جەنگ هەر ئەوانە نین کە لە دراماکانی بەرەی جەنگا دەکەوتن، بەڵکو ئەوانەی بەهۆی نەخۆشی  و برسییەتی و ترس و تێکچوون و پچڕانی شیرازەی ژیانی ئاسای وەک چۆن زمانەی ئاگر پوش و پەلاش هەڵدەلوشێ ، جەنگی پێنجساڵ و هەشت مانگە بە ملیۆنەها گیانی  مناڵ و پیری لەگەڵخۆی برد!

ئەمڕۆ یادی ئاشتی پانتاییەکی مەزنی لە ژیانی گشتی و تایبەتی بەردەکەوێ، هەموو بەڕێوەبەرایەتی فەرمی و نافەرمییەکان، ڕێوڕەسمی تایبەتییان بۆ قوربانییەکانی جەنگ و کۆتایی شەڕ هەییە!
کەنیسەکان زەنگی نوێژو نزا بۆ قوربانییەکان لێدەدەن و بەها بۆ ئاشتی دادەنێن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە گرنگییەوە لە سەقامگیری باری ژیان و ماڵئاوای لە جەنگ دەڕوانن!
خودی ئەڵمانەکان کە لەسایەی شەڕەنگێزی و مەرگخوازی نازیستەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوت، یادی شکستهێنانی هێتلەر دەکەنەوە و بە سفتوسۆو شەرمەوە سەیری دوێنێی کارەساتەکانی جەنگ دەکەن و لەگەڵ ژیاری ئازاد و ئارامی ئەوڕۆ بەهاو ڕێز بۆ ئاشتی دادەنێن!

هەڤاڵ سەید حەسەن
 ٨ / ٥ / ٢٠١٥

06‏/01‏/2015

ساڵی تازەتان پیرۆز




         ڕێزوو خۆشەویستیم بۆ سەرجەم هاوڕێیان، پرسیاری خۆشی و پێکەنین و ئارامیتان دەکەم، لەکانگای دڵەوە دەخوازم کە ساڵی نوێ خۆشی و ئارامی و ژیانی باشتری تیابێ بۆ هەر هەمووان، ساڵی تازە ساڵی شەرەفمەندی و دەستپاکی و ویژدان ئارامی زیاتربێ بۆ هەمووان، دەستی ئەو کەسانە بەگەرمی دەگوشم کە بەباشی ماڵئاوای لە زەردەپەڕی  ئێوارەی پار و پێشوازی لە شەبەنگی گەلاوێژی بەیانی تازە دەکەن، سلاو لە هەموو ئەوانەی کە لەدەستەلاتی زۆرەوە توانیان مرڤبوونی خۆیان تێرڕەنگکەن و لەخود خاراوی  خۆیانەوە، لە خەسڵەت  جوانی و  ڕۆح شیرنی خۆیانەوە توانیان ساڵ بەئارامی بەڕێکەن. سلاو لە هەموو ئەوانەی هەژاری و نەخۆشی و چەواشە و خەراپە نەیتوانی زەفەر بە ڕۆحیانبات و ناچار بە دەستە ڕەشەکانی بازاڕ نەبوون و خۆگرو بەرگریکاربوون لەخۆیان و بەسەربڵندی ڕۆژیان ئاواککرد...
لەم ئێوارەیەدا باپیرم ( مەلا سەعید )بیرکەوتەوە، لە هەولێر زۆرجار بە خەلیفە ناودەبرا، دەمەو عەسرێکی درەنگ لەگەوی ڕۆژهەڵاتی قەڵاوە ڕاستەڕێی گەڕەکی بیرێژیانی گرتوبووەبەر، لەدورڕا شێخ محێدین لە بەردەمی قەنتەرانی مزگەفتەکەی خۆیەوە هاوارو هەرای بوو، بەدنگێکی بڵند دەیگوت( هۆ هۆ مەلا شوعی، هۆ مەلا شوعی)، ئەویش بە خۆشی و لاقرتێیەکی چەندبارەو پێ ئاشنا، لەئاستی خۆیەوە بە هەمان تۆن و بڵندی هەوا، هاواری بۆ دەسەندەوەو دەیگوت( هۆ هۆ ، شێت محێدین، شێت محێدین)(١) لەوبەری قەڵاوە، شارنشینان، تەنها هەستیان بە فێنکی و فەڕاحی دونیادەکرد، هەموو بە دەنگە خۆشەکان ئاشنابوون، هەموو بە ڕیتم و ڕەوتی  نزاو نەزری گەرمی پەپولە سپییەکانی دەخەنین، وشەکان دەبون بە دەنگ و وەک بەفری سپی لەسەر دڵوو دەرونیاندا هەڵدەنیشت و ژیان لەم تاوەدا دەبوو بە فڕگەی فراوانی ئاسودەیی ڕۆح و ئولفەت، هەستی قوڵی لەسەر چاو و برژانگی باگا و خەوتووکان دادەنا...
زۆرێ لە ڕووداوەکانی ڕۆژ، دەبن بە هەست و بابەتێ، وەک بنیشت بە بنمیچی عەقڵ دادەنوسێن و زۆرجار گرێدانێک یا باشرە بڵێم فلاشباکێک(٢) دێتەئارا کە یەکڕێ بۆ ناو جەرگەی ڕاستیەکانی دوێنێمان دەگێڕێتەوە، لە پەنجەرەی ژیانەوە،  ئەزمون و خەیاڵی خەمڵیوی ئەمڕۆ دێژێ: هیچ باوەڕێ ناتوانێ بەهانای پاژە دڕندە و جەنگەڵییەکەی کەسێ بێ کە دڵرەقی و شەڕەنگێزی، دابڕانێکی  بنەمایی گەورەی لە بوونیدا دروستکردبێ. زۆرێ لەو گورگە دوولەپانەی کە چێژ لە ڕق و ئێشاندن و ترساندن و تێکشکاندن دەبینن، بە لەپی غەریزە هەڵدەسوڕێن و جیاوازییەکی زۆریان نییە لەگەڵ دڕندە شەوگەڕەکانی دارستان. لە بارە مەترسیدارە بێ گەڕانەوەکاندا لەپە ئینسانییەکە فرە پەرتەوازەو کاڵ و شێواو بچوک و هەرسکراوە، نە تێکستە پیرۆزەکان، نە میهری ناو دڵی ئاین، نە هیچ باوەڕێکی ڕوونی زانستی ژیاری، ناتوانێ  لەپە مرۆییەکەی بدۆزێتەوە ژیوەلەیکا. سەرەنجام ئەم توخمە لە وەحشیترین شیوازی بوون خۆی دەردەخات، لەوێنەی ڕەوتی هێتلەر و ستالین و  بنلادن و عەبدولا عەزامەوە، تا دەگات بە ئەبو بەکری بەغدادی و داعشیەکانی ئەوڕۆ، کە تەنها  سێبەری مەرگی مرۆڤ و وێرانکاری شارستانی ئەوڕۆیان لە هەگبەدایە.
 زۆرجار  سۆز و تاسە بۆ دێرینترین هونەری ئادەممیزاد  ڕامان دەکێشێ بۆ لای شتێ کە هاوەڵ و هاوتای بوونی مرۆڤایەتییە، ئەویش خودئاگایی و  خۆشەویستیی و ڕێزە بۆ( ژیان )، تێگەیشتن و پەرەدان بە واتاکانییەتی. 
هەڤاڵ سەید حەسەن
١: ئەم گێڕانەوەیەم  لەدەمی (سەید مەجید) بیستووە لە کاترینە هۆلم .

٢: فلاشباک :  گەڕانەوە بۆ دواوە. 

04‏/01‏/2015

کوبانێ



سڵاو لە گیانی بەرخودان و فیداکاری
سڵاو لەژن و مناڵ، گەنج و پیری عەفرین و جەزیرە و کوبانی
سڵاو لەسەنگەری تۆکمەی بەرەنگاری
سڵاو لەوگیانانەی بۆ ژیان بوون بەنیشانەو دیاری
سڵاو لە ئاڵای دەستتان
سڵاو لە سۆز و میهری ناو دڵتان
سڵاو لە باوەڕی بەهێز و بەقیمەتتان
سڵاو لە سروودوو گۆرانی ژیانی ناو چەپەرتان
سڵاو لە گۆڤەندی بەر لە شەڕتان
سڵاو لە دامەزران  و هەڵمەتتان
 سڵاو لە سێرەی چەک و دەنگی  لێخەنتان
ماڵ بەماڵ کوبانی بوو بە سەنگەرتان
بەو خواو خۆرەی وا لەسەرتان
گەر هەموو لەشکری شەڕوو شەیتانتان بۆ دابەزێ و بێتە مەیدان
لە ئەنقەرە و ڕقە و ڕوبعی خالیش  مارو وەحشەکان کلک و سەری خۆیان دەرخەن
جەندرمەو داعش و جاشی هەموو دونیاتان بەسەر وەرکەن
دەرەقەتی گریلا و پێشمەرگە و خەڵکی کورد نایەن، گەر عەردو و ئاسمانیش وێران کەن
هەر بە چەکی سوکی دەستتان گڕی خۆریان بەسەر وەرکەن
وا خۆرئاوا بوو لەکوبانی، زووبەزوو ئاگر لە شەو بەردەن
خواوەندی ژیان لەگەڵتانە، دژ بەهێزی  مەرگ و شەڕ هێرشەکانتان توندترکەن
  هەریەک لە ئێوە مەشخەڵێکی داگیرساوە
بوون و مانەوەی هەموومانی پێوەگیرساوە
هەڤاڵ سەید حەسەن



توڕەیی گورگ




لەمێژە لەناو ئاغاکانی توغرولبەگی تورکی باوە، توڕەبونی سوڵتانی، سوێندی سوڵتانی، مەجلیسی سوعبەت و گەمە و پێکەنینی سوڵتانی، دڵسۆزی و خزمەتوو هاوکاری سوڵتانی، چپەی مەرگە لەگوێی ژیاندا دەزرنگێتەوە، ماڵەی شەولەبان و ئەجندەی هاروو دڕندەیە، لە سەر پەنجەو قامکی وەک دوپشکی، لەناو گلێنەماری ساردوو تیژ وەک زەرگی، لەسەر زمانی ڕەش و کەلبەی ناو دەمی هەڵپچڕاوی خەسڵەت گورگی، لەسەر لۆچی پڕ لە ڕقی ناوچەوانی، زۆر لە شەیتانێکی بێ قۆچ دەچێ، زگی بە گۆشتی مناڵ و خوێنی گەرمی گەنج و پیری هەموو دونیاش تێرنابێ ، تا زیاتر بەئازارو بێدڵی ئینسان بکوژێ هەست بە هێزێکی خواهانەی گەورە دەکات، تا زیاتر زێڕ و سامانی بۆ کۆکەنەوە هەست بە سوکنایی و ئارامی و بێدەنگی مردوو دەکا، بۆیە هەمیشە ژیان بەدەر ڕەفتاردەکا، ئەو هەر شەوە لە حەرەمسەرایا خەون بە پێغەمبەرێکەوە دەبینێ و هەندێجار بەبێدەنگی و جارجارەش لەگەڵیان دەکەوێتە قسەو هەر بە فڕین  لەسەر مەملەکەتی پڕنوری بەهەشت، چەند چرکەیێ بە کاتژمێری ئاسمان، دەسوڕێنەوە سەیری ڕوباری شیروو هەنگوین دەکەن، تەماشای قەدی تەڕو پڕی دارگوێز و سێو هەرمێ دەکەن، زۆرجار کە باگادێتەوە نازانێ  لەحەرەمسەرایە یان لە خزمەت حەفتا حۆریەکەی بەهەشت. زۆربەی خەونەکانی تەڕوو مزرن وەک هەنار، شیرن و نەرمن وەک هەنجیر، تەنها دڕکێکی ناو ژیان وایلێکردووە هەمیشە سەیری زەویبکات، تەنها مۆتەکەیەکی بچووک بۆتە هۆی نیگەرانی زۆروو و بزڕکانی یەک بە یەکی خەونەکانی، ئەویش باگاییە! ئەوباگاییەش شتێکی جیاوازوو دوورە لە ئەتواروو ئادەتی ڕەشەی بێشوماری خەڵک، ئەو لەخەوە نوچکەی دوێنێیدا، لەباوەشی یەکێ لە جوانترین کەنیزەکانی سەرعەرد خەوتبوو، هەرچەندە چاوڕوانی سەرەنجامێکی باشتری دەکرد، بەڵام لەئاسمانی خەونەکەیدا فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی و کەشتییەکی ئاسمانی بەڕیتانی و پەڕەشوتێکی هۆڵەندی کە بارێ خۆراک و دەرمانی بۆ ئاوارەکانی شاخی شنگال هەڵدەدا باگاهات، ئەمڕۆ بۆنی خوێن و ئاگری پتڕۆڵ هەموو مێشک و دڵی داگیرکردووە، بەوبێ هەموو ئەمریکی و ئەوڕووپییەکان سواری کەشتییەک کاتوو هەڵیان ڕژێنێتە ناو دەریای مردوو، تا بۆ هەتاهەتا نیگەرانی و گرژی لەشیپانی دەموو، مۆرکەی تەڵخی بەرچاوو ناوچەوانی خۆی دوورخاتەوە.....
هەڤاڵ سەید حەسەن

سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی تورک





تورکیای ئەردۆغان ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەژێر پەردەی دین و بازرگانی، توانی ڕۆڵی هەبێ لە پوکاندنەوەی زۆربەی پڕۆژە بنەماییەکانی کوردستان، بەباشی توانی کەڵک لە ناهۆشیاری و ڕقی گەورەی ناو دڵی سەرۆک حزب و حوکومڕانە خۆویست و لاوازەکانی کورد وەرگرێ، یەک نیشتیمانی بەڕواڵەت جوان و خاوەن زۆر شتی  پان و بڵند، بەڵام لەناوەرۆکا بێکەلک و بێفایدە، ئەمڕۆ گەورەو بچووکی کورد دەزانێ ئەم باڵەخانەو ئەو پێکهاتە بەناو دامەزراوەی ستراتیجی ناتوانێ زگی یەک مناڵە کورد تێرکات، نەیتوانی مانایەک بۆ ژیان ڕێکخا و بوو بە ژێرەڤانی و بارگرانییەک کە نەک خەڵکی ئاسای بەڵکوو خودی هەڵسوڕێنەرانی بەبێزارییەوە بەدەر لە مانای قورسی هەڵئاوسان و  خۆرکی گەندەڵی و گەمانی پیس و نا مەشروع، ئامانجێکی تریان لە زەین دانییە و ئەمڕۆ ئەوەندەی خۆیان دەترسێنێ هێندە خەڵکە باشەکەی وڵاتمان ناترسێنێ!
سەرەڕای هەبوونی ئەو کەلاوە ڕوو بەبریقووباقە  و هەموو ئەوشتە بێ مانایانەی ئەمڕۆ، تورکەکان بۆیان دەرکەوت کە جەوهەرو ناوئاخنی گەل هەرگیز بەو گەندەڵ و بەڵێندەرە بێویژدان و بێشەرم و بێمروەتانە لەجوانی بەتاڵ نابێتەوە، لە کوبانی  مەڵبەندی ئازایان، لە کەرکوک و گەرمیانەوە تا دەگات بە ناوجەی گەرمەسێری پارێژگای دیالە نمونەی بەهێزی بەرگری و قوربانیدان و خۆشەویستی وڵاتوو هەڵوێستی باڵای ئینسانییان نیشانداوە. ئەم دۆشدامانەی تورک لە ئاستی مەیدانی ناو شەڕگەکان و لەئاستی ڕاڕایی و بڵمەبڵمی هەر ڕۆژەی سەرانی مەرگ و خوێنی تورک بە ڕوونی دیارە، ئەم وتەیەی کە هەندێ لەو چەهرە سیاسیانەی کە دێژن ( کورد شەڕی دەوڵەتێکی ئیسلامی دەکات )، ئەوان لەوەشدا ئەگەر مەبەستیان چەواشەش نەبێ ئەوا خەڵک پەی  باری خەراپی گیانی و  ترس و هەڵپەی خۆ هەڵواسینی ئەمان دەکات بە باڵی ترس و خوێناوی بایەقوشی مەرگ. ئەم وتەیە ئەوەندەی دانهێنانە بە دەستەڵاتی ڕەشی هەناردەکانی ئەردۆغان  ئەوەندەش دوورە لە خورتی و  ڕووحییەتی بەرەنگاری کۆمەڵانی  خەڵک، بەم وتارە ڕزیوە ئاشکرای دەکەن کە ناوێرن بڵێن کورد  لە داعشدا شەڕی تورکیای  ڕەگەزپەرست دەکات!
ئەوەی کە ڕوون و زۆربەی خەڵکی وڵاتپارێز دەیزانێ، کە سیاسەتی ئەردۆغان لە ڕۆژەڤی خۆیدا ڕووبەڕووی بونبەستێکی گەورەبۆتەوە، تەنها ئامرازێ بەدەستییەوە مابێ بەکارهێنانی خودی کوردە، بۆ ئەوەی ئەم یەکیەتییە نێودەوڵەتییەی کە ئاگایانە بەرسنگیان لە مانۆڕە پیسوو نامرۆییەکانی تورکیای داعشکرد گرتووە و هەموو تەڵەو فاقەکانی ئاسمان و  سەر زەمین هەڵدەتۆقی و پوچدەکرێتەوە، هەربۆیە، مەزەندەدەکرێ ئەردۆغان شانەکانی مزگەوت و سیاسییە گوێڕایەڵەکانی باگابێنێ بۆ ئەزموونێکی تاریکتر لەوەی کە هەموومان لەم چەند هەیڤەی بووری بینەری بووین، هەر هێزێکی کوردی بچێتە ژێر چەتری ئەردۆغان کۆمەڵگەی کوردی لە هەڵچوونێکی گەورە نزیک دەکاتەوەو پڕووشکی ئەم دۆزەخە لەپێگەشتنی خۆیدا خۆشیان دەگرێتەوە و دەسوتێنێ و هەر لە  قۆپک و کوخەکانی خۆیان بە جەمەدانییەکانی خۆیان کۆتایی بەژیانیان دێنن و شەرعی داعشیان لەسەر بەڕێوە دەبەن!
گرنگە ڕێگە نەدەن ببن بە هەسپی تڕوادە و ڤایرۆسی مەرگی  ئەردۆغان ببەنە ناو ماڵی کورد!
چەندەی ڕوون بن لەگەڵ هاو خوێن و هاوخەمانی کورد لە زەرەری ئەم ئافاتەدایە!
هێزی هاوپەیمانان گرنگە پێشوازی لێبکرێ، هەر سەرکردەیەکی کور بەفیتی ئەملاو ئەولا بۆ هەندێ بەرژەوەندی بچووک، هیچچ دۆخێکی ئەرێیی نەمرێنێ بۆ تورک، نەبێتە مامانی دەوڵەتی جینۆساید، لەڕەوشی ئەمڕۆدا زۆر گرنگە دەمەزراوەی بەرگری کورد بە هاوبەشی هەموو هێزە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بێ، ڕەوشی ئەمڕۆ شتێکی کاتی نییە، نابێ هیچ هەڵوەشانەوەیەک بەبەرنامە بگیردرێت، ئەگەر هاوکاری یەکتربن و بەرژەوەندی باڵا ڕەچاوکەن، دەبێ ژیری بەرەو ئەوەتان ببات کە کوردستان دەبێ وەک دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێبکات و ڕێگە بە سوپای هەموو زلهێزەکانی دوونیا بدرێ، تا بەشداری مەیدانییان هەبێ لەم خۆگری و درووستبوونەدا!
ئەو پێشنیارەی کە لەلایەن دەستەڵاتەوە خرایە ڕوو، کەوا حکومەتی کوردستانی پارە قەرزکات، ئەمەشیان بنکۆڵێکی تری تورکە بۆ ئەوەی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی  لە کوردستان هەرەس پێبێن، بۆیە خوێندنەوەی درووست و واقعبینانەی بۆ بکەن و ئەم پرسە لەژێر هەژموونی ئەو سیاسییە فاشیلانە دوورخەنەوە کە نۆ مانگە خەڵک بە قەنداوی تورک ژیردەکەنەوە، ئەم پرسە دەبێ زانکۆی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و  کەرکوک و دیاربەکر عامودەو سنەو مهاباد و  کوردانی لێهاتووی تاراوگە خەڵکانێکی زانستی و شیاو، شیکار بۆ ئەم روشە قەیراناوییە بکەن و بڕیارێکی لەسەر درووست کەن، ئەگەر قەرزیش وەک ڕێگە چارەیەک بێتە ئارا ، گرنگە لە  بانقەکانی تورک و ئەو کەسە گەندەڵانەی کە ماشەی دەستی هەندێ پیسخۆری ناو دەستەڵاتی کوردین بۆ سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەیانەوە سوڕی ژیانەوە بۆ سامانە ڕەشەکانیان درووست دەکەن، نەبێ!
هیوادارم کە هەموومان بەوانەیش کە زۆر هەڵەی کوشندەیان کردووە هەموو بە لێبووردەیی و بە تێگەیشتنەکی نوێوە بسازێن و هەڵوێستی جدی لەسەر پرسە گرنگەکان وەرگرن و بە ڕوونی هەموو ئەو بڕیارە چارەنوسسازانە بۆ کۆمەڵانی خەڵک بخەنەڕوو!

هەڤاڵ سەید حەسەن

کێ خەتابارە !




درێژەکێشانی  کێشە و گرفتەکان، گەورەبوونی خەموو  نەهامەتییەکان، دانەجیڕە ، هەڵکڕوزانی ناخ ، فرمێسکی بەتاو و گەرمی مناڵان خەتای کێیە، بچووکی ویست و خەونەکان خەتای کێیە ، مانەوە و چەقین لە یەکوەرزی پڕ لەتۆز و خۆڵ و خەم و خەزان خەتای کێیە،  لەئازایەتی و زۆری هێزی ڕەشی  یەک ڕەنگ و دژەوەرزە ، یا بە پەرجووی ڕەش سوڵتانی  ئەنکەرە و  دوعای بێدەستنوێژی ئاخوندی لەتم و لێدانی  بەدرۆ و مەسخەرەیە، یا بە نزاو فەتوای شەیتانی  کەیف  و مەی و مەدخەنەییە!
نە  دراکۆلا تینوەکەی حەدبا، نە  کانیباڵە  برسیەکەی تاران ،نە  ڤامپیرە  چاوسورە ڤانداڵەکەی ئیستەمبۆل ، هیچ یەکێک لەمانە  خەتابارنیە! هیچ یەکێکیان شاهۆی  شەپۆلی شەڕ و گەردەلولی ڕق و سێڵاوی توانەوە و هەرەسی ڕۆح و جوانی و خۆشییەکان نییە، لەمێژە خوا کێوەکانمان دەبینێ و بەفری تێداوێ،  لەمێژە بە مەلەی ناو خەمە قولەکان ڕاهاتووین،  لەمێژە تۆبە بۆ خەتایەک دەکەین کە لێی بێبەرینە، بەقەد مێژووی وشکەساڵی نوێژمان بەباراندا، تاوایلێهات قاچمان لەلاشەی ڕێگاچەقی و ڕۆح بوو بە خاک، هەموو بوین بە سیاسی و دۆخینی لاستیک و مرادخانی  و ئەدیدایسی نوێمان بۆ بەکردندا، پێکەنینمان لە گریان هەڵساند و مەرگمان لە ژیان ئاشکراکرد، بوین بە مامۆستا و ئاوەزمان لە وشەی کوردی جیاکردەوە، هەموو پیتەکانمان ئەزبەرکرد و هەست و بزاڤمان لێپاڵاوت و  سۆی سۆزمان سافکردەوە ، ڕۆژێ سەدجار وەک وەک قەوانی هەرە خۆشی قۆشمە و قۆریات، لەچایخانەی زانستی سارد و مەعریفەتی لاونیو و فەلسەفەی لێڵ و دوو  ڕەگ و ڕەنگ، وەک  بازاڕی هەراجی دۆلار بۆی  بووین بە پەیژە و بوین بەمار، تا بووین بە ماڵ، بووین بە شاعیر و بەبەردەوامی هەڵێنجمان بە بۆنی گوڵی دەمڕێگاوەدێ، ئاشق بە گرد و قۆپەنی ڕەشداگەڕاوی تەپاڵە بوین و هەر دەڕۆین و هەر چاومان بڕیوەتە  چاڵی بەرپێی خۆمان و جارجار نیگا هەڵدەبڕین بۆ ئاستی کلکە کەر و  مەندیل و گۆچانی  مەلا ،. لەم ئانەدا هەموو کەیفێ لە ئینجاز و لە ئیختیاری خۆماندایەو  فرە چێژی لێوەردەگرین و بەدەم ڕێوە گۆرانی و گێلگێلەی  بۆ هەڵدەڵێین ، کەس نازانی زیدەبەهای  خۆشی  لە شێلانی  شانی شلکەی ڕیخە، یا لە  تریقەی تەقاندنی قشپلی ڕەقی سەر ڕێیە. هەموو سەرمان سفرکردووە و خۆمان  بەزاناو مریدی ئەم ڕێیگە پیرۆزە دەزانین، بەبەردەوامی دەچین بۆ مەقەڕ بۆ زانکۆ، هەموومان لەیەکدەچین و  نەخۆمان و نە کەسێکیتر، نازانێ سەرمان چی تیایە، سەدانساڵە هەمان دەنگ و هەمان  بۆن و هەمان دیمەن و هەست بەر گوێ و لوت و چاومان دەکەوێ و هەمیشە سحری تەعدیلی تەپاڵە، بیرمان تەپاوتلدەکات و  خەیاڵمان خاوو ئەرخەیاندەبێ و هێندە کڵۆفەی بێ وەسف و نەبینراوی  تیادا سەردەکات، وادەزانین کلکەکەر هەموو دیرۆک و  ڕێیە، مێزەروو مەندیل  خڕکەی داهێنانی عیلمی دوور لە وڕێنەی  پێیە، بەرچیغ و قامچی و حەیزەران باشترین عەدالەت و فەزیلە و حیلمی ئاژوانی ڕێیە.  سەدانساڵە بەئادەتمانگرتوە،  پێنج فەرزە دەچین بۆ مزگەوت و زانکۆ و مەقەڕ، بەڵام بە  چارەو چاوو ئەقلمان، تا ڕۆژی ئەوڕۆ،  نەمانتوانی  نوێژکەرێ لە میزکەرێ جیاکەینەوە،  مەگەر خوای بان ڕێگا بەهانامانەوەبێ!
هەڤاڵ سەید حەسەن

جەدوەلی ڕوناکی



بەر لە چەند ساڵێ، ئاوارەی برازام پرسیارێکی مەتەڵ ئاسای لێکردم، گوتی ڕۆژێ مام فیل لەبەر وشکەساڵی و کەمی خۆراک، توشی کەم خوێنی دەبێ و لەخۆدەچێ (دەبورێتەوە)و بە ئیزعاف دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، کە  مێروولە هەواڵی نەساخی مام فیل دەبیستێ یەکڕێ دەچێت بۆ نەخۆشخانەی فریا کەوتن! توبڵێی  مێرولە بۆ چی چووبێ؟
گوتم  لەوانەیە وەفا و ئەرکی  برادەرانە بردبێتی بۆ ئەوێ! گوتی نا ئەو وەلامە ڕاست نییە، گوتم ئەی خۆ نەچووە قۆلنجی مام فیل بتەقێنێتەوە و  سەروو پشتی بشێلێ! گوتی هەر نەتزانی و هەڵت نەهێنا! مێروستانەکە چۆتە نەخۆشخانە، تا خوێن بە مام فیل بدات...
ئەم هاوکێشەیە زۆرجار لەناو کایەی سیاسی و ئیداریدا بەرچاو دەکەوێ، کەسێک بەدێمکەی بەتاڵ و بە قەنداوی قسەی قەوارەدار تەقەلای شکاندنی تینوێتی خەڵکی شارێ یا تەواوی وڵاتێ دەدات! ئەویتر وابازوی بۆ سەربڕینی  پاژی حەقیقەت و  مرۆڤە باشەکەی ناو خودی خۆی هەڵماڵیوەو کەچی باسی ڕزگارکردنی تەواوی بەشەرییەت دەکات! یەکێکی تر باسی گەنج و بیری نوێ و تێپەڕاندنی باوکسالاری دەکات کەچی خەریکە باسی سەرۆک حزب و پێغەمبەری ئاخرزەمانی لێتێکەڵدەبێ بەڕیتمی ( الیوم اکملت لکم دینکم واتممت علیکم نعمتی ورضیت لکم الاسلام دینا ) خوتبەیەکی غەوارە و پڕلە سۆز دەخوێنێ! هەر بەباڵی خەیاڵی ئەم وتارە وەنەوز بردمییەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ لە  (نەغەدە ) لە یەکێ لەو ماڵانەی کە وەک خانەی لانەوازانی لێهاتبوو ،یەکێ لە ئامۆزاکانم ( شەهید ساڵح سەید نوری ) گاڵتەی بە سەرووفەساڵ و ڕۆلی گەنج دەهات، دەیگوت ئێوە گشتتان دەتوانن بچنەوە بۆ کوردستان  و حکومەتی عیراقی  هیچ کاری نییە، بێ مناڵ وەک ئێوە بگرێ! دەیگوت تەنها من و (ن س ع) ناتوانین بچینەوە بۆ وڵات! لەبەر ئەوەی من بەرپێنەم داوەتە جەیششعبیەک لە کەرکوک و کاک ( ن س ع )ش خیتابیداوە لە مەعمەل ..... لە هەولێر! ئەو زۆر بەخۆشی هەستەکانی دەردەبڕی یادی بەخێرو ڕۆحی بۆ هەمیشە  شاد و ئازاد....
ئەو قەپێلکە وشک و ناوەرۆکە پوچەی کە تەڕکی کالیاری قسە و گوتارە ڕێشچەرمووەکانی ڕۆژی گرتووە وەک وادەی درەنگوەختی موچەو جەدوەلی ڕۆژووی(صیام) کارەبا و سوعبەتەکانی دەولەت و وەزارەتی بێتاقەتی وزە و سیاسەتی ئەستوری دەرەوەی کوردستان و لچکی تەنکی ناوەخۆکەی، هەر لەو نیعمەتە موئەجەلە دەچێ کە داعش بە هەوادارانی خۆی دەدات و لەڕێگەی هاوتاکردنی دۆزەخی مەوجود  بە فیردەوسی مەقسود ،  ئەو حەقیقەتەی کە بەبەرکەمالی گەیشت و کەس نەیدیت و هەر لە سحری گوتاردا لە دەلاقەی ئاسمانی حەفتەمدا مۆلەقەیگرتووە، هەرگیز هەدانادات و هەمبانەی  بۆری قسەی  تەواونابێ.
هەڤاڵ سەید حەسەن


نامەیەکی کراوە

گەر لەکاتە سەختەکانی لێقەومان و ناخۆشیدا، لەساتی هەرای جەنگ و دەربەدەری و بێکەسیدا پشتممان نەگرن و
لەهاوار و خەمەکانمان نەگەن، بەکردەوە دەستبنێن بەڕوومانەوە، لە ناو چڕە دوکەڵی  بۆمب و لەبەر نوکی  شمشێری هەڵکێشراوی وەحشییەکانی داعش و چیایەک  زوڵم و زۆری کۆیلەدار  نەبی بە پشتوو پەنام،  لەم  ڕۆژە سەختەدا ڕێگەی تەنهاییمان پێنیشاندەن!  بەیاننامەو ڕیپۆرتاج و بڕیارەکانتان بۆ خۆتان بخوێننەوە و مرڤبوون لەلای ئێمە مانای پێکەوەژیان و هاوخەمییە!
ئێوە گەر لەسوچێکی پەرلەمان و حکومەتەکەتان یەکترتان خۆشبووێ ئەوسا دەتوانن لە ئێمە بگەن!
ئێوە گەر لە ڕاستی خۆشی و خەمەکانی خەڵکی شارەکانی خۆتان بگەن ئەوسا دەتوانن لە ئێمەبگەن!
ئێوە گەر لەگەڵخۆتانا ڕاستگۆ و بەدەنگ و لەسەر حەق یەکگرتووبن، ئەوسا دەتوانن لە ئێمەبگەن!
هێزی هەزار نێر، زێرەڤانی و ئاسایشتان گەر لە چەپەری  شنگال و مەخمور بەرگریکاربا، ئەوسا غیرەت و ویژدان و موڕاڵی شەڕڤان و پێشمەرگەکانتان باگادەبوو، ئەوسا دەتوانن لە ئازایەتی و بەرخودانی ژنوو مناڵانی کوبانی بگەن!
ئەو چەکەی بۆ ڕق و نمایش لەدەستی هەندێ سەنگوسوکی پێدەکرێ، ڕووبەرەو سنگی خۆتانی دەتەقێتەوە، کەی توانیتان بێزتان لەو چەکانە بێتەوە کە بۆ بەرگری لەژیان بەکارنایەت، ئەوسا دەتوانن لە ئێمەبگەن!

هەڤاڵ سەید حەسەن