بحث هذه المدونة الإلكترونية

20‏/01‏/2014

کوا لەکوێی



تۆبووی لەسەر هێڵی  دڕکەزی مەرگا پەڕیتەوە!
تۆبووی بۆ نان بۆ ئازادی ڕاپەڕی و هەڵسایتەوە!
تۆبووی بەرگەی سەختترین ئازاروو ترست دەگرت،
بەگژ کوانووی گڕی بێئامانا دەچوویتەوە!
هەردێنێ بوو، لەژیانی شار بێبەشبوویتوو لە خیوەتا گیرسایتەوە.
کوێرەڕێی پڕ هەڵەتوو هەڵدێر، ترس نەما نەیبڕیتوو نەیناسییەوە.
هەردوێنێ بوو، دەستڕێژت لە عەردوو ئاسمان دەکرد!
دەتوت، گەر لە قولەی قافا ترس هەبی، هەر دەیکوژم!
گەر زۆرداری لە کۆشی فرشتەو لەپشتی شەیتانیشبی،
بەدەستوو چەکم هەر دەیپێکم!
دەتپرسی، کوا بارەگای هەژاری لەکوێیە، تا وێرانیکەم!
مەتەرێزوو مۆڵگەی فرمێسک لە کوێ مۆڵدراوە تا وشکوو بێئاویکەم!
ئەم هەموو وزەو تینەت بۆ کوێ هەڵفڕی!
کوا دەستی تۆقەو ئامێزی گەرموو پڕ لەسۆزت؟
کوا وەفاو هەستی سادەو هەڤاڵانەو بەپەرۆشت؟
بۆکوێ چوو ئەو هەموو بڕیاروو باوەڕە جوانەی ناو دڵوو هۆشت!
پێمناڵێی ئەم هەموو بوونەت بۆ کوێ لەشەقەی باڵیدا؟
چۆن بەرگەی ئەم ڕۆح بەتاڵییەی ئەمڕۆ دەگری!
چۆن چاوت بەبێ  خەونوو دوور لەهەست، بەرگەی ژانی ڕژانی فرمێسک دەگرێ!
چۆن سەروو سیمات بۆ خوارەوە، ڕەوشی خەندەو  پێکەنین  دەگرێ!
چۆن زاروو گوێچکەت بەبێ ڕاستی بەرگەی ئەم هەموو دەنگە دەگرێ!
 چۆن  دەستوو قاچەکانت، بێنیاز، بەنەزانی، ڕەوتی کاروو جووڵە دەگرێ!
 پێم ناڵێی لەکوێی ئەم هەسارە بێ هەوسارە، جوانییەکانت ونکردووە؟
پێمناڵێی لەم ئاسمانە، بێ ڕووگەییە،
 ملەی کام وێڵەڕێی بێکاو کێشەت  گرتووە؟
هەڤاڵ سەید حەسەن
١٩/ ١/٢٠١٤





ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق