بحث هذه المدونة الإلكترونية

15‏/01‏/2014

لە تلیشی جوانییەوە دەتانبینم



ڕۆژێ دێ  ساواکانیش هەراش دەبن، ئەوانەی کە ئەمڕۆ گەنجوو جوامێروو پیرن، هەریەکەو لەپێگەی خۆییەوە سەیری باڵای ژیان دەکاو لە  گەشەو هەراشی بەردەوامی شتەکان دەڕوانێ... ئەوەی کە زۆربەمان لێی دڵنیاین هیچ هێزێ ناتوانێ هەتا سەر بەر بە گەشەی ژیان بگرێ. نە تێڵای دەستی پۆلیسەکان، نە هەڕەشەو گەفی سیاسییەکان، نە وشە پڕ لە گاڵتەجاڕییەکانی دەربارییەکان، نە پارەو دەستەڵاتی کەسوو عەشیرەتە خۆپەرستەکانی  ئەمڕۆ کە کوارگ ئاسا بەبێ کردوو کێڵوو شۆبڕی  دیار، هەر لە پڕێ بوون بە کوڕی گیرفان پڕی ناو بازاڕوو بانکەکان.
قبووڵکردنی ئەم باوەڕە زۆر سەختوو نەکردەییە بۆ هەندی، بەڵام کە دەستە پڕلەکاروو ماندووەکان، ڕۆحە پاکوو شەریفەکان، هزروو هەستی مرۆڤە ئاسایی و بێ دەعییەکان کرایەوە، ئەوسا سێڵاوی عیشقی شەقام، لافاوێکی بەلرفەوو هەڵچوو دێنێتە ناو حەوشوو ماڵی هەر هەمووتان، نە لولەی دەم بە گڕی چەکەکان دەتوانێ دەنگی ئەم هەمووە کڕکاتەوە، نە پارەکانتان فریای کڕینی کۆیلەو جلشۆڕی تەکوزوو تازە دەکەوێ، نە خۆتانیش  خێروو چێژ لە داهاتوو ژیان وەردەگرن...
هیچ کاتێ درەنگ نییە، بۆ هەریەکێ کە مانایەکی گونجاوو جوان لە بوونی ئەوڕۆی خۆی هەڵێنجێ،  دەستەڵات و هەبوونی خۆی لە گەڵ سادەترینوو بێئارایشترین جوانی و پیرۆزی ڕێگای ڕاستی تێکەڵکا...
هەڤاڵ سەید حەسەن
١٥ / ١ / ٢٠١٤

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق