بحث هذه المدونة الإلكترونية

12‏/01‏/2014

بەخیربێی بۆ ژیان( ئاماد )



لە هەواری قوڵترین  زاموو مەراق ، لەناو کانگای کۆستی مەزنوو پڕ لە ئێشا، چاوە بچووکەنانت هەڵێنا، باوکت زۆر تامەزرۆی بۆنوو بەرامەی سەر کوڵموو ناوچەوانوو قۆچکەکەت بوو، بۆ درەوشی چاوەکانی تۆ  ژیانی هەڵڕێشتە ناو خوڕگەی بێئامانی ڕووباری ڕەشی دڵڕەقی. ئەو زۆر لە ئاسنگەرە ئەفسوناوییەکە بەهێزتروو بە هەستربوو، ئەو تەنها پلاکارتێکی بەدەستەوە گرتبوو لەسەر یەکێ لە شۆستەکانی بازاڕی کەلار وەستابوو، بەگژ یەکدنیا ناحەقی و دڵڕەقی دادەچۆوەو باکی بە ئەهریمەنی مەرگیش نەبوو. باوکت دەیویست تۆ  ئەنفالت لەبیرچێتەوە، دەیویست تۆ لە زبری ڕۆحوو خەیاڵی پڕ لە پێچەنوو گرژی  شەوگەرد دوورخاتەوە.   ئێستا ئەو لە کڵاوڕۆژنەی نەمری خۆرەوە  لێمان دەڕوانێ و هاتنی تۆی زۆر پێخۆشە. لەگەڵ میوانە بێدەنگوو دڵتەنگەکان هاوسۆزی نیشاندەداو گڕووگاڵی گەرمی ژیانخوازەنەی تۆ لە گوێو هزریانا جێگیر دەکات، سوری ڕوومەتوو لەرینەوەی لێوی تەنکتر لە هەناسەی تۆیان پێشاندەدا. پێو قەدەمت بەخێر هاوڕێ چکۆڵەکەم، تۆ لەسۆزی هەموو دایکان و باوکانی نیشتیمان ئاڵاوی. پێوقەدەمت بەخێر.

هەڤاڵ سەید حەسەن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق