بەر لە چەند ساڵێ، ئاوارەی برازام پرسیارێکی مەتەڵ ئاسای لێکردم، گوتی
ڕۆژێ مام فیل لەبەر وشکەساڵی و کەمی خۆراک، توشی کەم خوێنی دەبێ و لەخۆدەچێ
(دەبورێتەوە)و بە ئیزعاف دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، کە مێروولە هەواڵی نەساخی مام
فیل دەبیستێ یەکڕێ دەچێت بۆ نەخۆشخانەی فریا کەوتن! توبڵێی مێرولە بۆ چی
چووبێ؟
گوتم لەوانەیە وەفا و ئەرکی برادەرانە بردبێتی بۆ ئەوێ!
گوتی نا ئەو وەلامە ڕاست نییە، گوتم ئەی خۆ نەچووە قۆلنجی مام فیل بتەقێنێتەوە و
سەروو پشتی بشێلێ! گوتی هەر نەتزانی و هەڵت نەهێنا! مێروستانەکە چۆتە
نەخۆشخانە، تا خوێن بە مام فیل بدات...
ئەم هاوکێشەیە زۆرجار لەناو کایەی سیاسی و ئیداریدا بەرچاو دەکەوێ،
کەسێک بەدێمکەی بەتاڵ و بە قەنداوی قسەی قەوارەدار تەقەلای شکاندنی تینوێتی خەڵکی
شارێ یا تەواوی وڵاتێ دەدات! ئەویتر وابازوی بۆ سەربڕینی پاژی حەقیقەت و
مرۆڤە باشەکەی ناو خودی خۆی هەڵماڵیوەو کەچی باسی ڕزگارکردنی تەواوی
بەشەرییەت دەکات! یەکێکی تر باسی گەنج و بیری نوێ و تێپەڕاندنی باوکسالاری دەکات
کەچی خەریکە باسی سەرۆک حزب و پێغەمبەری ئاخرزەمانی لێتێکەڵدەبێ بەڕیتمی ( الیوم
اکملت لکم دینکم واتممت علیکم نعمتی ورضیت لکم الاسلام دینا ) خوتبەیەکی غەوارە و
پڕلە سۆز دەخوێنێ! هەر بەباڵی خەیاڵی ئەم وتارە وەنەوز بردمییەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ لە
(نەغەدە ) لە یەکێ لەو ماڵانەی کە وەک خانەی لانەوازانی لێهاتبوو ،یەکێ لە
ئامۆزاکانم ( شەهید ساڵح سەید نوری ) گاڵتەی بە سەرووفەساڵ و ڕۆلی گەنج دەهات، دەیگوت
ئێوە گشتتان دەتوانن بچنەوە بۆ کوردستان و حکومەتی عیراقی هیچ کاری
نییە، بێ مناڵ وەک ئێوە بگرێ! دەیگوت تەنها من و (ن س ع) ناتوانین بچینەوە بۆ
وڵات! لەبەر ئەوەی من بەرپێنەم داوەتە جەیششعبیەک لە کەرکوک و کاک ( ن س ع )ش
خیتابیداوە لە مەعمەل ..... لە هەولێر! ئەو زۆر بەخۆشی هەستەکانی دەردەبڕی یادی
بەخێرو ڕۆحی بۆ هەمیشە شاد و ئازاد....
ئەو قەپێلکە وشک و ناوەرۆکە پوچەی کە تەڕکی کالیاری قسە و گوتارە
ڕێشچەرمووەکانی ڕۆژی گرتووە وەک وادەی درەنگوەختی موچەو جەدوەلی ڕۆژووی(صیام)
کارەبا و سوعبەتەکانی دەولەت و وەزارەتی بێتاقەتی وزە و سیاسەتی ئەستوری دەرەوەی
کوردستان و لچکی تەنکی ناوەخۆکەی، هەر لەو نیعمەتە موئەجەلە دەچێ کە داعش بە
هەوادارانی خۆی دەدات و لەڕێگەی هاوتاکردنی دۆزەخی مەوجود بە فیردەوسی
مەقسود ، ئەو حەقیقەتەی کە بەبەرکەمالی گەیشت و کەس نەیدیت و هەر لە سحری
گوتاردا لە دەلاقەی ئاسمانی حەفتەمدا مۆلەقەیگرتووە، هەرگیز هەدانادات و هەمبانەی
بۆری قسەی تەواونابێ.
هەڤاڵ سەید حەسەن
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق