بحث هذه المدونة الإلكترونية

08‏/05‏/2015

کۆتایی جەنگ


خۆبەدەستەوەدانی نازیستەکانی ئەڵمان  لە ٨ / ٥ / ١٩٤٥ پایانی ڕۆژە خوێناوییەکانی جەنگی  جیهانی دووەم بوو! بەردانەوەی زیاتر لە ٧٥٠ هەزار تۆن بۆمب بەسەر ئەڵمانیا و تەقاندنەوەی ملیۆنەها خومپارە و فیشەگ، زۆرێ لە پایتەخت و شارەئاوەدانەکانی گێتی کرد بە کەلاوەی سوتاو و تەنها بۆنی هەڵکروزاوی لاشەی مرۆڤ و بارودی لێدەهات!
چەکەکان بێدەنگکران لە ئەوڕووپا، بەڵام شەڕو کوشتار لەیابان درێژەی کێشا تا هیرۆشیما و ناکازاکی لە  ٨ و ٩ / ٨ / ١٩٤٥ بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومان کرا و بەرەبەیانی ٢ / ٩ / ١٩٤٥ یابانیش دوای تێکشکانی لەجەنگ خۆبەدەستەوەدانی خۆی ڕاگەیاند! ئەمڕۆ لەسەراسەری جیهان یادی کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم دەکرێتەوە، باسی کارەساتەکانی ئەو جەنگەی کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن سەرباز لەم جەنگەدا بەشدار بوو، ژمارەی زیانە گیانییەکانی شەڕ هەڵدەکشێ بۆ سەرووی ٥٥ ملیۆن مرۆڤ! قوربانییەکانی جەنگ هەر ئەوانە نین کە لە دراماکانی بەرەی جەنگا دەکەوتن، بەڵکو ئەوانەی بەهۆی نەخۆشی  و برسییەتی و ترس و تێکچوون و پچڕانی شیرازەی ژیانی ئاسای وەک چۆن زمانەی ئاگر پوش و پەلاش هەڵدەلوشێ ، جەنگی پێنجساڵ و هەشت مانگە بە ملیۆنەها گیانی  مناڵ و پیری لەگەڵخۆی برد!

ئەمڕۆ یادی ئاشتی پانتاییەکی مەزنی لە ژیانی گشتی و تایبەتی بەردەکەوێ، هەموو بەڕێوەبەرایەتی فەرمی و نافەرمییەکان، ڕێوڕەسمی تایبەتییان بۆ قوربانییەکانی جەنگ و کۆتایی شەڕ هەییە!
کەنیسەکان زەنگی نوێژو نزا بۆ قوربانییەکان لێدەدەن و بەها بۆ ئاشتی دادەنێن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە گرنگییەوە لە سەقامگیری باری ژیان و ماڵئاوای لە جەنگ دەڕوانن!
خودی ئەڵمانەکان کە لەسایەی شەڕەنگێزی و مەرگخوازی نازیستەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوت، یادی شکستهێنانی هێتلەر دەکەنەوە و بە سفتوسۆو شەرمەوە سەیری دوێنێی کارەساتەکانی جەنگ دەکەن و لەگەڵ ژیاری ئازاد و ئارامی ئەوڕۆ بەهاو ڕێز بۆ ئاشتی دادەنێن!

هەڤاڵ سەید حەسەن
 ٨ / ٥ / ٢٠١٥

06‏/01‏/2015

ساڵی تازەتان پیرۆز




         ڕێزوو خۆشەویستیم بۆ سەرجەم هاوڕێیان، پرسیاری خۆشی و پێکەنین و ئارامیتان دەکەم، لەکانگای دڵەوە دەخوازم کە ساڵی نوێ خۆشی و ئارامی و ژیانی باشتری تیابێ بۆ هەر هەمووان، ساڵی تازە ساڵی شەرەفمەندی و دەستپاکی و ویژدان ئارامی زیاتربێ بۆ هەمووان، دەستی ئەو کەسانە بەگەرمی دەگوشم کە بەباشی ماڵئاوای لە زەردەپەڕی  ئێوارەی پار و پێشوازی لە شەبەنگی گەلاوێژی بەیانی تازە دەکەن، سلاو لە هەموو ئەوانەی کە لەدەستەلاتی زۆرەوە توانیان مرڤبوونی خۆیان تێرڕەنگکەن و لەخود خاراوی  خۆیانەوە، لە خەسڵەت  جوانی و  ڕۆح شیرنی خۆیانەوە توانیان ساڵ بەئارامی بەڕێکەن. سلاو لە هەموو ئەوانەی هەژاری و نەخۆشی و چەواشە و خەراپە نەیتوانی زەفەر بە ڕۆحیانبات و ناچار بە دەستە ڕەشەکانی بازاڕ نەبوون و خۆگرو بەرگریکاربوون لەخۆیان و بەسەربڵندی ڕۆژیان ئاواککرد...
لەم ئێوارەیەدا باپیرم ( مەلا سەعید )بیرکەوتەوە، لە هەولێر زۆرجار بە خەلیفە ناودەبرا، دەمەو عەسرێکی درەنگ لەگەوی ڕۆژهەڵاتی قەڵاوە ڕاستەڕێی گەڕەکی بیرێژیانی گرتوبووەبەر، لەدورڕا شێخ محێدین لە بەردەمی قەنتەرانی مزگەفتەکەی خۆیەوە هاوارو هەرای بوو، بەدنگێکی بڵند دەیگوت( هۆ هۆ مەلا شوعی، هۆ مەلا شوعی)، ئەویش بە خۆشی و لاقرتێیەکی چەندبارەو پێ ئاشنا، لەئاستی خۆیەوە بە هەمان تۆن و بڵندی هەوا، هاواری بۆ دەسەندەوەو دەیگوت( هۆ هۆ ، شێت محێدین، شێت محێدین)(١) لەوبەری قەڵاوە، شارنشینان، تەنها هەستیان بە فێنکی و فەڕاحی دونیادەکرد، هەموو بە دەنگە خۆشەکان ئاشنابوون، هەموو بە ڕیتم و ڕەوتی  نزاو نەزری گەرمی پەپولە سپییەکانی دەخەنین، وشەکان دەبون بە دەنگ و وەک بەفری سپی لەسەر دڵوو دەرونیاندا هەڵدەنیشت و ژیان لەم تاوەدا دەبوو بە فڕگەی فراوانی ئاسودەیی ڕۆح و ئولفەت، هەستی قوڵی لەسەر چاو و برژانگی باگا و خەوتووکان دادەنا...
زۆرێ لە ڕووداوەکانی ڕۆژ، دەبن بە هەست و بابەتێ، وەک بنیشت بە بنمیچی عەقڵ دادەنوسێن و زۆرجار گرێدانێک یا باشرە بڵێم فلاشباکێک(٢) دێتەئارا کە یەکڕێ بۆ ناو جەرگەی ڕاستیەکانی دوێنێمان دەگێڕێتەوە، لە پەنجەرەی ژیانەوە،  ئەزمون و خەیاڵی خەمڵیوی ئەمڕۆ دێژێ: هیچ باوەڕێ ناتوانێ بەهانای پاژە دڕندە و جەنگەڵییەکەی کەسێ بێ کە دڵرەقی و شەڕەنگێزی، دابڕانێکی  بنەمایی گەورەی لە بوونیدا دروستکردبێ. زۆرێ لەو گورگە دوولەپانەی کە چێژ لە ڕق و ئێشاندن و ترساندن و تێکشکاندن دەبینن، بە لەپی غەریزە هەڵدەسوڕێن و جیاوازییەکی زۆریان نییە لەگەڵ دڕندە شەوگەڕەکانی دارستان. لە بارە مەترسیدارە بێ گەڕانەوەکاندا لەپە ئینسانییەکە فرە پەرتەوازەو کاڵ و شێواو بچوک و هەرسکراوە، نە تێکستە پیرۆزەکان، نە میهری ناو دڵی ئاین، نە هیچ باوەڕێکی ڕوونی زانستی ژیاری، ناتوانێ  لەپە مرۆییەکەی بدۆزێتەوە ژیوەلەیکا. سەرەنجام ئەم توخمە لە وەحشیترین شیوازی بوون خۆی دەردەخات، لەوێنەی ڕەوتی هێتلەر و ستالین و  بنلادن و عەبدولا عەزامەوە، تا دەگات بە ئەبو بەکری بەغدادی و داعشیەکانی ئەوڕۆ، کە تەنها  سێبەری مەرگی مرۆڤ و وێرانکاری شارستانی ئەوڕۆیان لە هەگبەدایە.
 زۆرجار  سۆز و تاسە بۆ دێرینترین هونەری ئادەممیزاد  ڕامان دەکێشێ بۆ لای شتێ کە هاوەڵ و هاوتای بوونی مرۆڤایەتییە، ئەویش خودئاگایی و  خۆشەویستیی و ڕێزە بۆ( ژیان )، تێگەیشتن و پەرەدان بە واتاکانییەتی. 
هەڤاڵ سەید حەسەن
١: ئەم گێڕانەوەیەم  لەدەمی (سەید مەجید) بیستووە لە کاترینە هۆلم .

٢: فلاشباک :  گەڕانەوە بۆ دواوە. 

04‏/01‏/2015

کوبانێ



سڵاو لە گیانی بەرخودان و فیداکاری
سڵاو لەژن و مناڵ، گەنج و پیری عەفرین و جەزیرە و کوبانی
سڵاو لەسەنگەری تۆکمەی بەرەنگاری
سڵاو لەوگیانانەی بۆ ژیان بوون بەنیشانەو دیاری
سڵاو لە ئاڵای دەستتان
سڵاو لە سۆز و میهری ناو دڵتان
سڵاو لە باوەڕی بەهێز و بەقیمەتتان
سڵاو لە سروودوو گۆرانی ژیانی ناو چەپەرتان
سڵاو لە گۆڤەندی بەر لە شەڕتان
سڵاو لە دامەزران  و هەڵمەتتان
 سڵاو لە سێرەی چەک و دەنگی  لێخەنتان
ماڵ بەماڵ کوبانی بوو بە سەنگەرتان
بەو خواو خۆرەی وا لەسەرتان
گەر هەموو لەشکری شەڕوو شەیتانتان بۆ دابەزێ و بێتە مەیدان
لە ئەنقەرە و ڕقە و ڕوبعی خالیش  مارو وەحشەکان کلک و سەری خۆیان دەرخەن
جەندرمەو داعش و جاشی هەموو دونیاتان بەسەر وەرکەن
دەرەقەتی گریلا و پێشمەرگە و خەڵکی کورد نایەن، گەر عەردو و ئاسمانیش وێران کەن
هەر بە چەکی سوکی دەستتان گڕی خۆریان بەسەر وەرکەن
وا خۆرئاوا بوو لەکوبانی، زووبەزوو ئاگر لە شەو بەردەن
خواوەندی ژیان لەگەڵتانە، دژ بەهێزی  مەرگ و شەڕ هێرشەکانتان توندترکەن
  هەریەک لە ئێوە مەشخەڵێکی داگیرساوە
بوون و مانەوەی هەموومانی پێوەگیرساوە
هەڤاڵ سەید حەسەن



توڕەیی گورگ




لەمێژە لەناو ئاغاکانی توغرولبەگی تورکی باوە، توڕەبونی سوڵتانی، سوێندی سوڵتانی، مەجلیسی سوعبەت و گەمە و پێکەنینی سوڵتانی، دڵسۆزی و خزمەتوو هاوکاری سوڵتانی، چپەی مەرگە لەگوێی ژیاندا دەزرنگێتەوە، ماڵەی شەولەبان و ئەجندەی هاروو دڕندەیە، لە سەر پەنجەو قامکی وەک دوپشکی، لەناو گلێنەماری ساردوو تیژ وەک زەرگی، لەسەر زمانی ڕەش و کەلبەی ناو دەمی هەڵپچڕاوی خەسڵەت گورگی، لەسەر لۆچی پڕ لە ڕقی ناوچەوانی، زۆر لە شەیتانێکی بێ قۆچ دەچێ، زگی بە گۆشتی مناڵ و خوێنی گەرمی گەنج و پیری هەموو دونیاش تێرنابێ ، تا زیاتر بەئازارو بێدڵی ئینسان بکوژێ هەست بە هێزێکی خواهانەی گەورە دەکات، تا زیاتر زێڕ و سامانی بۆ کۆکەنەوە هەست بە سوکنایی و ئارامی و بێدەنگی مردوو دەکا، بۆیە هەمیشە ژیان بەدەر ڕەفتاردەکا، ئەو هەر شەوە لە حەرەمسەرایا خەون بە پێغەمبەرێکەوە دەبینێ و هەندێجار بەبێدەنگی و جارجارەش لەگەڵیان دەکەوێتە قسەو هەر بە فڕین  لەسەر مەملەکەتی پڕنوری بەهەشت، چەند چرکەیێ بە کاتژمێری ئاسمان، دەسوڕێنەوە سەیری ڕوباری شیروو هەنگوین دەکەن، تەماشای قەدی تەڕو پڕی دارگوێز و سێو هەرمێ دەکەن، زۆرجار کە باگادێتەوە نازانێ  لەحەرەمسەرایە یان لە خزمەت حەفتا حۆریەکەی بەهەشت. زۆربەی خەونەکانی تەڕوو مزرن وەک هەنار، شیرن و نەرمن وەک هەنجیر، تەنها دڕکێکی ناو ژیان وایلێکردووە هەمیشە سەیری زەویبکات، تەنها مۆتەکەیەکی بچووک بۆتە هۆی نیگەرانی زۆروو و بزڕکانی یەک بە یەکی خەونەکانی، ئەویش باگاییە! ئەوباگاییەش شتێکی جیاوازوو دوورە لە ئەتواروو ئادەتی ڕەشەی بێشوماری خەڵک، ئەو لەخەوە نوچکەی دوێنێیدا، لەباوەشی یەکێ لە جوانترین کەنیزەکانی سەرعەرد خەوتبوو، هەرچەندە چاوڕوانی سەرەنجامێکی باشتری دەکرد، بەڵام لەئاسمانی خەونەکەیدا فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی و کەشتییەکی ئاسمانی بەڕیتانی و پەڕەشوتێکی هۆڵەندی کە بارێ خۆراک و دەرمانی بۆ ئاوارەکانی شاخی شنگال هەڵدەدا باگاهات، ئەمڕۆ بۆنی خوێن و ئاگری پتڕۆڵ هەموو مێشک و دڵی داگیرکردووە، بەوبێ هەموو ئەمریکی و ئەوڕووپییەکان سواری کەشتییەک کاتوو هەڵیان ڕژێنێتە ناو دەریای مردوو، تا بۆ هەتاهەتا نیگەرانی و گرژی لەشیپانی دەموو، مۆرکەی تەڵخی بەرچاوو ناوچەوانی خۆی دوورخاتەوە.....
هەڤاڵ سەید حەسەن

سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی تورک





تورکیای ئەردۆغان ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەژێر پەردەی دین و بازرگانی، توانی ڕۆڵی هەبێ لە پوکاندنەوەی زۆربەی پڕۆژە بنەماییەکانی کوردستان، بەباشی توانی کەڵک لە ناهۆشیاری و ڕقی گەورەی ناو دڵی سەرۆک حزب و حوکومڕانە خۆویست و لاوازەکانی کورد وەرگرێ، یەک نیشتیمانی بەڕواڵەت جوان و خاوەن زۆر شتی  پان و بڵند، بەڵام لەناوەرۆکا بێکەلک و بێفایدە، ئەمڕۆ گەورەو بچووکی کورد دەزانێ ئەم باڵەخانەو ئەو پێکهاتە بەناو دامەزراوەی ستراتیجی ناتوانێ زگی یەک مناڵە کورد تێرکات، نەیتوانی مانایەک بۆ ژیان ڕێکخا و بوو بە ژێرەڤانی و بارگرانییەک کە نەک خەڵکی ئاسای بەڵکوو خودی هەڵسوڕێنەرانی بەبێزارییەوە بەدەر لە مانای قورسی هەڵئاوسان و  خۆرکی گەندەڵی و گەمانی پیس و نا مەشروع، ئامانجێکی تریان لە زەین دانییە و ئەمڕۆ ئەوەندەی خۆیان دەترسێنێ هێندە خەڵکە باشەکەی وڵاتمان ناترسێنێ!
سەرەڕای هەبوونی ئەو کەلاوە ڕوو بەبریقووباقە  و هەموو ئەوشتە بێ مانایانەی ئەمڕۆ، تورکەکان بۆیان دەرکەوت کە جەوهەرو ناوئاخنی گەل هەرگیز بەو گەندەڵ و بەڵێندەرە بێویژدان و بێشەرم و بێمروەتانە لەجوانی بەتاڵ نابێتەوە، لە کوبانی  مەڵبەندی ئازایان، لە کەرکوک و گەرمیانەوە تا دەگات بە ناوجەی گەرمەسێری پارێژگای دیالە نمونەی بەهێزی بەرگری و قوربانیدان و خۆشەویستی وڵاتوو هەڵوێستی باڵای ئینسانییان نیشانداوە. ئەم دۆشدامانەی تورک لە ئاستی مەیدانی ناو شەڕگەکان و لەئاستی ڕاڕایی و بڵمەبڵمی هەر ڕۆژەی سەرانی مەرگ و خوێنی تورک بە ڕوونی دیارە، ئەم وتەیەی کە هەندێ لەو چەهرە سیاسیانەی کە دێژن ( کورد شەڕی دەوڵەتێکی ئیسلامی دەکات )، ئەوان لەوەشدا ئەگەر مەبەستیان چەواشەش نەبێ ئەوا خەڵک پەی  باری خەراپی گیانی و  ترس و هەڵپەی خۆ هەڵواسینی ئەمان دەکات بە باڵی ترس و خوێناوی بایەقوشی مەرگ. ئەم وتەیە ئەوەندەی دانهێنانە بە دەستەڵاتی ڕەشی هەناردەکانی ئەردۆغان  ئەوەندەش دوورە لە خورتی و  ڕووحییەتی بەرەنگاری کۆمەڵانی  خەڵک، بەم وتارە ڕزیوە ئاشکرای دەکەن کە ناوێرن بڵێن کورد  لە داعشدا شەڕی تورکیای  ڕەگەزپەرست دەکات!
ئەوەی کە ڕوون و زۆربەی خەڵکی وڵاتپارێز دەیزانێ، کە سیاسەتی ئەردۆغان لە ڕۆژەڤی خۆیدا ڕووبەڕووی بونبەستێکی گەورەبۆتەوە، تەنها ئامرازێ بەدەستییەوە مابێ بەکارهێنانی خودی کوردە، بۆ ئەوەی ئەم یەکیەتییە نێودەوڵەتییەی کە ئاگایانە بەرسنگیان لە مانۆڕە پیسوو نامرۆییەکانی تورکیای داعشکرد گرتووە و هەموو تەڵەو فاقەکانی ئاسمان و  سەر زەمین هەڵدەتۆقی و پوچدەکرێتەوە، هەربۆیە، مەزەندەدەکرێ ئەردۆغان شانەکانی مزگەوت و سیاسییە گوێڕایەڵەکانی باگابێنێ بۆ ئەزموونێکی تاریکتر لەوەی کە هەموومان لەم چەند هەیڤەی بووری بینەری بووین، هەر هێزێکی کوردی بچێتە ژێر چەتری ئەردۆغان کۆمەڵگەی کوردی لە هەڵچوونێکی گەورە نزیک دەکاتەوەو پڕووشکی ئەم دۆزەخە لەپێگەشتنی خۆیدا خۆشیان دەگرێتەوە و دەسوتێنێ و هەر لە  قۆپک و کوخەکانی خۆیان بە جەمەدانییەکانی خۆیان کۆتایی بەژیانیان دێنن و شەرعی داعشیان لەسەر بەڕێوە دەبەن!
گرنگە ڕێگە نەدەن ببن بە هەسپی تڕوادە و ڤایرۆسی مەرگی  ئەردۆغان ببەنە ناو ماڵی کورد!
چەندەی ڕوون بن لەگەڵ هاو خوێن و هاوخەمانی کورد لە زەرەری ئەم ئافاتەدایە!
هێزی هاوپەیمانان گرنگە پێشوازی لێبکرێ، هەر سەرکردەیەکی کور بەفیتی ئەملاو ئەولا بۆ هەندێ بەرژەوەندی بچووک، هیچچ دۆخێکی ئەرێیی نەمرێنێ بۆ تورک، نەبێتە مامانی دەوڵەتی جینۆساید، لەڕەوشی ئەمڕۆدا زۆر گرنگە دەمەزراوەی بەرگری کورد بە هاوبەشی هەموو هێزە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بێ، ڕەوشی ئەمڕۆ شتێکی کاتی نییە، نابێ هیچ هەڵوەشانەوەیەک بەبەرنامە بگیردرێت، ئەگەر هاوکاری یەکتربن و بەرژەوەندی باڵا ڕەچاوکەن، دەبێ ژیری بەرەو ئەوەتان ببات کە کوردستان دەبێ وەک دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێبکات و ڕێگە بە سوپای هەموو زلهێزەکانی دوونیا بدرێ، تا بەشداری مەیدانییان هەبێ لەم خۆگری و درووستبوونەدا!
ئەو پێشنیارەی کە لەلایەن دەستەڵاتەوە خرایە ڕوو، کەوا حکومەتی کوردستانی پارە قەرزکات، ئەمەشیان بنکۆڵێکی تری تورکە بۆ ئەوەی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی  لە کوردستان هەرەس پێبێن، بۆیە خوێندنەوەی درووست و واقعبینانەی بۆ بکەن و ئەم پرسە لەژێر هەژموونی ئەو سیاسییە فاشیلانە دوورخەنەوە کە نۆ مانگە خەڵک بە قەنداوی تورک ژیردەکەنەوە، ئەم پرسە دەبێ زانکۆی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و  کەرکوک و دیاربەکر عامودەو سنەو مهاباد و  کوردانی لێهاتووی تاراوگە خەڵکانێکی زانستی و شیاو، شیکار بۆ ئەم روشە قەیراناوییە بکەن و بڕیارێکی لەسەر درووست کەن، ئەگەر قەرزیش وەک ڕێگە چارەیەک بێتە ئارا ، گرنگە لە  بانقەکانی تورک و ئەو کەسە گەندەڵانەی کە ماشەی دەستی هەندێ پیسخۆری ناو دەستەڵاتی کوردین بۆ سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەیانەوە سوڕی ژیانەوە بۆ سامانە ڕەشەکانیان درووست دەکەن، نەبێ!
هیوادارم کە هەموومان بەوانەیش کە زۆر هەڵەی کوشندەیان کردووە هەموو بە لێبووردەیی و بە تێگەیشتنەکی نوێوە بسازێن و هەڵوێستی جدی لەسەر پرسە گرنگەکان وەرگرن و بە ڕوونی هەموو ئەو بڕیارە چارەنوسسازانە بۆ کۆمەڵانی خەڵک بخەنەڕوو!

هەڤاڵ سەید حەسەن

کێ خەتابارە !




درێژەکێشانی  کێشە و گرفتەکان، گەورەبوونی خەموو  نەهامەتییەکان، دانەجیڕە ، هەڵکڕوزانی ناخ ، فرمێسکی بەتاو و گەرمی مناڵان خەتای کێیە، بچووکی ویست و خەونەکان خەتای کێیە ، مانەوە و چەقین لە یەکوەرزی پڕ لەتۆز و خۆڵ و خەم و خەزان خەتای کێیە،  لەئازایەتی و زۆری هێزی ڕەشی  یەک ڕەنگ و دژەوەرزە ، یا بە پەرجووی ڕەش سوڵتانی  ئەنکەرە و  دوعای بێدەستنوێژی ئاخوندی لەتم و لێدانی  بەدرۆ و مەسخەرەیە، یا بە نزاو فەتوای شەیتانی  کەیف  و مەی و مەدخەنەییە!
نە  دراکۆلا تینوەکەی حەدبا، نە  کانیباڵە  برسیەکەی تاران ،نە  ڤامپیرە  چاوسورە ڤانداڵەکەی ئیستەمبۆل ، هیچ یەکێک لەمانە  خەتابارنیە! هیچ یەکێکیان شاهۆی  شەپۆلی شەڕ و گەردەلولی ڕق و سێڵاوی توانەوە و هەرەسی ڕۆح و جوانی و خۆشییەکان نییە، لەمێژە خوا کێوەکانمان دەبینێ و بەفری تێداوێ،  لەمێژە بە مەلەی ناو خەمە قولەکان ڕاهاتووین،  لەمێژە تۆبە بۆ خەتایەک دەکەین کە لێی بێبەرینە، بەقەد مێژووی وشکەساڵی نوێژمان بەباراندا، تاوایلێهات قاچمان لەلاشەی ڕێگاچەقی و ڕۆح بوو بە خاک، هەموو بوین بە سیاسی و دۆخینی لاستیک و مرادخانی  و ئەدیدایسی نوێمان بۆ بەکردندا، پێکەنینمان لە گریان هەڵساند و مەرگمان لە ژیان ئاشکراکرد، بوین بە مامۆستا و ئاوەزمان لە وشەی کوردی جیاکردەوە، هەموو پیتەکانمان ئەزبەرکرد و هەست و بزاڤمان لێپاڵاوت و  سۆی سۆزمان سافکردەوە ، ڕۆژێ سەدجار وەک وەک قەوانی هەرە خۆشی قۆشمە و قۆریات، لەچایخانەی زانستی سارد و مەعریفەتی لاونیو و فەلسەفەی لێڵ و دوو  ڕەگ و ڕەنگ، وەک  بازاڕی هەراجی دۆلار بۆی  بووین بە پەیژە و بوین بەمار، تا بووین بە ماڵ، بووین بە شاعیر و بەبەردەوامی هەڵێنجمان بە بۆنی گوڵی دەمڕێگاوەدێ، ئاشق بە گرد و قۆپەنی ڕەشداگەڕاوی تەپاڵە بوین و هەر دەڕۆین و هەر چاومان بڕیوەتە  چاڵی بەرپێی خۆمان و جارجار نیگا هەڵدەبڕین بۆ ئاستی کلکە کەر و  مەندیل و گۆچانی  مەلا ،. لەم ئانەدا هەموو کەیفێ لە ئینجاز و لە ئیختیاری خۆماندایەو  فرە چێژی لێوەردەگرین و بەدەم ڕێوە گۆرانی و گێلگێلەی  بۆ هەڵدەڵێین ، کەس نازانی زیدەبەهای  خۆشی  لە شێلانی  شانی شلکەی ڕیخە، یا لە  تریقەی تەقاندنی قشپلی ڕەقی سەر ڕێیە. هەموو سەرمان سفرکردووە و خۆمان  بەزاناو مریدی ئەم ڕێیگە پیرۆزە دەزانین، بەبەردەوامی دەچین بۆ مەقەڕ بۆ زانکۆ، هەموومان لەیەکدەچین و  نەخۆمان و نە کەسێکیتر، نازانێ سەرمان چی تیایە، سەدانساڵە هەمان دەنگ و هەمان  بۆن و هەمان دیمەن و هەست بەر گوێ و لوت و چاومان دەکەوێ و هەمیشە سحری تەعدیلی تەپاڵە، بیرمان تەپاوتلدەکات و  خەیاڵمان خاوو ئەرخەیاندەبێ و هێندە کڵۆفەی بێ وەسف و نەبینراوی  تیادا سەردەکات، وادەزانین کلکەکەر هەموو دیرۆک و  ڕێیە، مێزەروو مەندیل  خڕکەی داهێنانی عیلمی دوور لە وڕێنەی  پێیە، بەرچیغ و قامچی و حەیزەران باشترین عەدالەت و فەزیلە و حیلمی ئاژوانی ڕێیە.  سەدانساڵە بەئادەتمانگرتوە،  پێنج فەرزە دەچین بۆ مزگەوت و زانکۆ و مەقەڕ، بەڵام بە  چارەو چاوو ئەقلمان، تا ڕۆژی ئەوڕۆ،  نەمانتوانی  نوێژکەرێ لە میزکەرێ جیاکەینەوە،  مەگەر خوای بان ڕێگا بەهانامانەوەبێ!
هەڤاڵ سەید حەسەن

جەدوەلی ڕوناکی



بەر لە چەند ساڵێ، ئاوارەی برازام پرسیارێکی مەتەڵ ئاسای لێکردم، گوتی ڕۆژێ مام فیل لەبەر وشکەساڵی و کەمی خۆراک، توشی کەم خوێنی دەبێ و لەخۆدەچێ (دەبورێتەوە)و بە ئیزعاف دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، کە  مێروولە هەواڵی نەساخی مام فیل دەبیستێ یەکڕێ دەچێت بۆ نەخۆشخانەی فریا کەوتن! توبڵێی  مێرولە بۆ چی چووبێ؟
گوتم  لەوانەیە وەفا و ئەرکی  برادەرانە بردبێتی بۆ ئەوێ! گوتی نا ئەو وەلامە ڕاست نییە، گوتم ئەی خۆ نەچووە قۆلنجی مام فیل بتەقێنێتەوە و  سەروو پشتی بشێلێ! گوتی هەر نەتزانی و هەڵت نەهێنا! مێروستانەکە چۆتە نەخۆشخانە، تا خوێن بە مام فیل بدات...
ئەم هاوکێشەیە زۆرجار لەناو کایەی سیاسی و ئیداریدا بەرچاو دەکەوێ، کەسێک بەدێمکەی بەتاڵ و بە قەنداوی قسەی قەوارەدار تەقەلای شکاندنی تینوێتی خەڵکی شارێ یا تەواوی وڵاتێ دەدات! ئەویتر وابازوی بۆ سەربڕینی  پاژی حەقیقەت و  مرۆڤە باشەکەی ناو خودی خۆی هەڵماڵیوەو کەچی باسی ڕزگارکردنی تەواوی بەشەرییەت دەکات! یەکێکی تر باسی گەنج و بیری نوێ و تێپەڕاندنی باوکسالاری دەکات کەچی خەریکە باسی سەرۆک حزب و پێغەمبەری ئاخرزەمانی لێتێکەڵدەبێ بەڕیتمی ( الیوم اکملت لکم دینکم واتممت علیکم نعمتی ورضیت لکم الاسلام دینا ) خوتبەیەکی غەوارە و پڕلە سۆز دەخوێنێ! هەر بەباڵی خەیاڵی ئەم وتارە وەنەوز بردمییەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ لە  (نەغەدە ) لە یەکێ لەو ماڵانەی کە وەک خانەی لانەوازانی لێهاتبوو ،یەکێ لە ئامۆزاکانم ( شەهید ساڵح سەید نوری ) گاڵتەی بە سەرووفەساڵ و ڕۆلی گەنج دەهات، دەیگوت ئێوە گشتتان دەتوانن بچنەوە بۆ کوردستان  و حکومەتی عیراقی  هیچ کاری نییە، بێ مناڵ وەک ئێوە بگرێ! دەیگوت تەنها من و (ن س ع) ناتوانین بچینەوە بۆ وڵات! لەبەر ئەوەی من بەرپێنەم داوەتە جەیششعبیەک لە کەرکوک و کاک ( ن س ع )ش خیتابیداوە لە مەعمەل ..... لە هەولێر! ئەو زۆر بەخۆشی هەستەکانی دەردەبڕی یادی بەخێرو ڕۆحی بۆ هەمیشە  شاد و ئازاد....
ئەو قەپێلکە وشک و ناوەرۆکە پوچەی کە تەڕکی کالیاری قسە و گوتارە ڕێشچەرمووەکانی ڕۆژی گرتووە وەک وادەی درەنگوەختی موچەو جەدوەلی ڕۆژووی(صیام) کارەبا و سوعبەتەکانی دەولەت و وەزارەتی بێتاقەتی وزە و سیاسەتی ئەستوری دەرەوەی کوردستان و لچکی تەنکی ناوەخۆکەی، هەر لەو نیعمەتە موئەجەلە دەچێ کە داعش بە هەوادارانی خۆی دەدات و لەڕێگەی هاوتاکردنی دۆزەخی مەوجود  بە فیردەوسی مەقسود ،  ئەو حەقیقەتەی کە بەبەرکەمالی گەیشت و کەس نەیدیت و هەر لە سحری گوتاردا لە دەلاقەی ئاسمانی حەفتەمدا مۆلەقەیگرتووە، هەرگیز هەدانادات و هەمبانەی  بۆری قسەی  تەواونابێ.
هەڤاڵ سەید حەسەن


نامەیەکی کراوە

گەر لەکاتە سەختەکانی لێقەومان و ناخۆشیدا، لەساتی هەرای جەنگ و دەربەدەری و بێکەسیدا پشتممان نەگرن و
لەهاوار و خەمەکانمان نەگەن، بەکردەوە دەستبنێن بەڕوومانەوە، لە ناو چڕە دوکەڵی  بۆمب و لەبەر نوکی  شمشێری هەڵکێشراوی وەحشییەکانی داعش و چیایەک  زوڵم و زۆری کۆیلەدار  نەبی بە پشتوو پەنام،  لەم  ڕۆژە سەختەدا ڕێگەی تەنهاییمان پێنیشاندەن!  بەیاننامەو ڕیپۆرتاج و بڕیارەکانتان بۆ خۆتان بخوێننەوە و مرڤبوون لەلای ئێمە مانای پێکەوەژیان و هاوخەمییە!
ئێوە گەر لەسوچێکی پەرلەمان و حکومەتەکەتان یەکترتان خۆشبووێ ئەوسا دەتوانن لە ئێمە بگەن!
ئێوە گەر لە ڕاستی خۆشی و خەمەکانی خەڵکی شارەکانی خۆتان بگەن ئەوسا دەتوانن لە ئێمەبگەن!
ئێوە گەر لەگەڵخۆتانا ڕاستگۆ و بەدەنگ و لەسەر حەق یەکگرتووبن، ئەوسا دەتوانن لە ئێمەبگەن!
هێزی هەزار نێر، زێرەڤانی و ئاسایشتان گەر لە چەپەری  شنگال و مەخمور بەرگریکاربا، ئەوسا غیرەت و ویژدان و موڕاڵی شەڕڤان و پێشمەرگەکانتان باگادەبوو، ئەوسا دەتوانن لە ئازایەتی و بەرخودانی ژنوو مناڵانی کوبانی بگەن!
ئەو چەکەی بۆ ڕق و نمایش لەدەستی هەندێ سەنگوسوکی پێدەکرێ، ڕووبەرەو سنگی خۆتانی دەتەقێتەوە، کەی توانیتان بێزتان لەو چەکانە بێتەوە کە بۆ بەرگری لەژیان بەکارنایەت، ئەوسا دەتوانن لە ئێمەبگەن!

هەڤاڵ سەید حەسەن

28‏/01‏/2014

هێزی کارا



لەگەرمەی خۆپێشاندانەکانی(١٧)شوباتی سلێیمانی، لەڕۆخجادەو بندیواری لقی چوار، لەناو جەرگەی شار و لە چەمچەماڵ و هەڵەبجەو چەندین شوێنی تر، دەیان کوژراوو بریندار کەوتبوو، یەکێ لە نوسەرە ڕۆڵخوزەکان، پێی وابوو ئەوانەی  خۆیان پشتیوانی خەڵکدەزانن و لە گۆشەییەکی پڕ لە ڕەخنەو پرسیارەوە لە شتەکان دەڕوانن، توندووتیژی و خوێنڕشتنی هاوڵاتیانی کوردستان مەحکوم دەکەن، خاوەن پێنووسوو ڕای مەوسمینە، لەگەڵ ئاوابوونی گەواڵەی بەهاروو، هاتنی کژێکیتر، ئەوانیش ماڵئاوایی لە بۆچوونەکانییان دەکەن، تەنها کۆڕوو سمینەرەکانی ئەوان دەمێننەوە. سیاسییە خرپنەکانی بەرسپلیتیش هەروایان دەگوت. ئەوەی کە جێگەی ڕامانە لەم شێوە ڕووداوانە، خەڵکانێ پەیدادەبن، لەبری ئەوەی وەک تاکێ دڵوو دەروونی خۆی بۆ خەڵک بکاتەوەو هەڵوێستوو تیاژیانی خۆی لەنزیکەوە بخاتەڕوو، بەپەلەپرووزێ و باڵەفڕئاسا  بۆچوونوو هەڵوێستی خۆیان بەشێوەی موڵکایەتی تانەلێنەدرا و بە سەنەدوو تاپۆی ئەسڵی(ڕەسەن) دادەڕێژن، وانیشاندەدەن کە قاقانی رەشی ئەم باسوو ڕووداوانە لەگیرفانوو لە هزری ئەوانە مۆڵدراوە، زمانی قەڵەمی وەک نوکە خەنجەر لێتیژدەکەنەوەو  پەروەندەی گەرمی ڕۆژ بە موڵکی خۆیاندادەنێن و بە نەرمەگەفێکی ناسکی ڕووناکبیرانە لەسێبەری تێکستوو شەپۆلی وتەکانیاندا پێمان دێژن، کەسێکیتر لە پێگەو مەقاماتی ئەوان بەولاوە، بۆی نییە خۆی بەخاوەنی ڕاوو بۆچوون بزانێ..
زۆرجار خەڵکی ماندوو برینداروو هەناسەساردی کوردیش، وادەزانێ دەبێ مرۆڤە مەزنوو خاوەن شەقڵوو مۆرکەکانی دونیای ئەدەب و سیاسەت، ڕێگەچارەییان بۆ دیاریکەن و لەجیاتی ئەوان بیرکەنەوە. زۆرێ لەخەڵک پێیان واییە ئەم هەویرە ئاوێکی زیاتر هەڵدەگرێ و قەسەی ئاسای خەڵک جێگەناگرێ و بڕی پرسەکانی ڕۆژ ناشکێنێ، زۆرجار بەخۆشحاڵییەوە لە ناو قسەو پەیڤینی خەڵکا دەبیسترێ کە گوێگروو بەشداری کۆڕوو کۆبوونەوەییەکی فەلسەفی و سیاسی و کۆمەلایەتی هێندە مۆدێرنوو قووڵبووە، ئەگەرچی شتێکی ئەوتۆ لەم هەمزە لە عەباسە نەگەیشتووە، بەلام واهەستدەکاتوو دەزانێ شتەکان زۆر بەهێزوو بە هەژموون و فرە ڕەهەند بوون، لەئاستی تێگەیشتنی کۆلکەییەکی هزربڵاوو ناخماندوو  نەبووە تا لێی تێبگات، بۆیە ناتوانێ یەک وشەی لەمبارەییەوە بگێڕێتەوە. ئەمە نەک هەرلەناوەوەی وڵات، بەڵکوو لەدەرەوەش هەر هەمان قەوانوو سوالفەی کۆنوو سواوە بوونی هەییە. زۆرجار کەڵک لە دووری و پشتنەبەستن بە ئەقڵ و چەقین و نزیکی لە  سۆز وەردەگیردرێ، لێکدانەوەی باشوو خەڵاتئامێز، وەک شیوە غەریبە بەخۆڕایی وەک ئاوی ڕێبواران و دەستەواری نانی خێرکەران بەسەر  دەستەبژێرە خاوەن قەڵەموو زمانەکان دەبەشرێتەوە. سەرەنجام، ڕووداوو دیاردە دزێەوەکان ئەگەرچی لەشوێنوو باری خۆشیان نەمێننەو، بەلام بەردەوام بوونی خۆیان لێرەولەوێ هەر دەرێژە پێدەدەنوو بەبەردەوامی لە گەورەبووندان..
باری ئاوارەکردنی هزروو ڕوانگەی ئەفسانەئامێزی تاک بەبەردەوامی ڕێگری دەکات لە خوێندنەوەییەکی درووستوو ژیرانە، کاتێ کە  هەریەکێ لەئێمە ڕێچکەی بیری خۆی دابڕی لە تێگەیشتن و بیبەخشێ بە ئەوانیتر، هەمیشە بەدۆشداماوی لەبەرامبەر  گرفتارییەکانی دەوەستێ و چاوەڕوانی زاری پڕ لەپەرجووی ئەوانیتردەبی وەک چاکەی خۆڕایی واییە، زۆربەی جار سەری خاوەنەکەی دەخوا. هەرکاتێ ڕێژەی پشتبەخۆبەستنی من و تۆو ئەوانی تر بەرزبۆوە، ئەوا بەواتای کەڵکوەرگرتن لەبوونی عەقلی و فیزیکی خۆمان دێتەوە، مانای کارابوونی هێزوو توانا سرووشتییەکانی خۆمانەو ڕاستەوخۆ  دەمانخاتە سەر ڕێگەی  چارەسەری گرفتوو ئاریشەکان، کە ڕێگەییەکی زۆر نزیکوو درووستوو ڕاستە، بۆ هەستکردن بە وزەو توانا مەزنەکانی خۆمان لە بەرەنگاربوونەوەی کێشە و گێڕانەوەی متمانەو چاوەڕوانیی بۆ شوێنوو پێگەی شیاوو ئاسایی خۆی و لەهەمانکاتدا یارمەتیدەردەبێ بۆ دەستەبەرکردنی لەخۆڕوانینەکی باشتروو جوانتروو ئینسانیتر.
هەڤاڵ سەید حەسەن
٢٨/١/٢٠١٤


ئەم گرتەییە ، وتەی هونەرمەند ماجیدە ڕۆمییە، بەگرنگم زانی لەگەڵ بابەتەکە دایبەزێنم، ئەوکەسەی کە نیشتیمان لە کورسییەکدا بچووک دەکاتەوە، ئەو کەسەی ژیان بە یەک کەژدەزانێ، ئەوکەسەی کە ڕامیاری بە هونەرەی درۆو چەواشەو دووبەرەکایەتی و دەستەگەرایی و زاڵکردنی بەرژەوەندی شەخسی خۆیوو هاوبیرانی خۆی دەزانێ، ئەو کەسانەی کە نەک لەگەڵ زیندووەکان، بەڵکوو جیاکاری لەنێوان تەرمی قوربانییەکی ئەنفالکراوی گەرمیان و بادینان دەکەن، ئەو عەقڵەی کە دڵۆپێ نەفتی ڕەشی لە دڵۆپێ خوێنی هاوزمانانی جیاناکاتەوە، ئەو بازرگانوو ئەکادیمی و نوسەرانەی کە وەک مجێوری قەبرستانییان لێهاتووەو دارەبازیان لەکۆڵناوەو هەرڕۆژە گەنجێ دەنێژن، ژنێکی  سوتاو مناڵێکی کوژراو دەکەن بە کەرەستەی قازانجوو وەک پڕۆژەییەکی سەرکەوتوانە چاوی دەدەنێ، ئامادەن باری عەقڵی خۆیان و بەرهەمەکانییان لەسەر پشتی ئەوانیتر دەولەمەندکەن، بەبڕوایمن ئەم بارە وەک ئافراندنی دۆزەخوو مەرگە، با جارێکیشبێ خۆمان وەک تاکێ بیرکەینەوەو دەرک بەوە بکەین کە هەموو هازمانانمان وەک ئێمەوان، کەسێ لەخوار پێگەیشتووی و مرۆڤبوون ساخناکرێتەوەو پێناسە هەڵناگرێ..

20‏/01‏/2014

کوا لەکوێی



تۆبووی لەسەر هێڵی  دڕکەزی مەرگا پەڕیتەوە!
تۆبووی بۆ نان بۆ ئازادی ڕاپەڕی و هەڵسایتەوە!
تۆبووی بەرگەی سەختترین ئازاروو ترست دەگرت،
بەگژ کوانووی گڕی بێئامانا دەچوویتەوە!
هەردێنێ بوو، لەژیانی شار بێبەشبوویتوو لە خیوەتا گیرسایتەوە.
کوێرەڕێی پڕ هەڵەتوو هەڵدێر، ترس نەما نەیبڕیتوو نەیناسییەوە.
هەردوێنێ بوو، دەستڕێژت لە عەردوو ئاسمان دەکرد!
دەتوت، گەر لە قولەی قافا ترس هەبی، هەر دەیکوژم!
گەر زۆرداری لە کۆشی فرشتەو لەپشتی شەیتانیشبی،
بەدەستوو چەکم هەر دەیپێکم!
دەتپرسی، کوا بارەگای هەژاری لەکوێیە، تا وێرانیکەم!
مەتەرێزوو مۆڵگەی فرمێسک لە کوێ مۆڵدراوە تا وشکوو بێئاویکەم!
ئەم هەموو وزەو تینەت بۆ کوێ هەڵفڕی!
کوا دەستی تۆقەو ئامێزی گەرموو پڕ لەسۆزت؟
کوا وەفاو هەستی سادەو هەڤاڵانەو بەپەرۆشت؟
بۆکوێ چوو ئەو هەموو بڕیاروو باوەڕە جوانەی ناو دڵوو هۆشت!
پێمناڵێی ئەم هەموو بوونەت بۆ کوێ لەشەقەی باڵیدا؟
چۆن بەرگەی ئەم ڕۆح بەتاڵییەی ئەمڕۆ دەگری!
چۆن چاوت بەبێ  خەونوو دوور لەهەست، بەرگەی ژانی ڕژانی فرمێسک دەگرێ!
چۆن سەروو سیمات بۆ خوارەوە، ڕەوشی خەندەو  پێکەنین  دەگرێ!
چۆن زاروو گوێچکەت بەبێ ڕاستی بەرگەی ئەم هەموو دەنگە دەگرێ!
 چۆن  دەستوو قاچەکانت، بێنیاز، بەنەزانی، ڕەوتی کاروو جووڵە دەگرێ!
 پێم ناڵێی لەکوێی ئەم هەسارە بێ هەوسارە، جوانییەکانت ونکردووە؟
پێمناڵێی لەم ئاسمانە، بێ ڕووگەییە،
 ملەی کام وێڵەڕێی بێکاو کێشەت  گرتووە؟
هەڤاڵ سەید حەسەن
١٩/ ١/٢٠١٤





16‏/01‏/2014

Black is the colour




سۆفیە کارلسۆن، لەدایکبووی ( ٢٥ / ٣ / ١٩٧٥ ) ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید. دوابەدوای بەشداری لە خوێندنی بەشی موزیکی گەلێری ( فۆلکلۆری) فێرگەی باڵای شاهانەی ستۆکهۆلم، بۆ زانین زۆربەی ئەم جۆرە خوێندن گایانە هیچ پێشمەرجێکیان بۆ خوێندن نییەو بەشێوەییەکی ئۆتۆنۆم(سەربەخۆ) بەرنامەی پەروەردەیی خۆیان دادەڕێژن، خوێندن لەوێ بە خۆڕاییەو بە تاقیکردنەوە کۆتایی نایێ وەک ئاشکرایە زۆرێ لە زانکۆ ناسراوەکانی هونەر دەردەچن بەڵام داهێنانوو بەرهەمێکی بەرچاوو بەر هەستییان لێوەپاشنایێ . دوای چوار ساڵ ئەندامییەتی( ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢)و سەرقاڵی بە پڕی کات لە گەڵ گرووپی ( ئاگێرە) ی موزیکی فۆلکلۆری سویدی، یەکەمین بەرهەمی موزیکی خۆی(٢٠٠٢) خستە بەر گوێ و دیدی هەوادارانی دەنگوو نەوا. دووەم ئەلبوومی (٢٠٠٥) لەژێر ناوی (سڤارتە بالادێر) گۆڤەندە هەڵبەستی ڕەش، کە جۆرێ لە هەڵبەستی گێڕانەوەیی سەما ئامێزە ، لەڕێگەی ئەم بەرهەمە ڕەسەنەییەوە بە هۆی دەنگی ناسکوو پڕسۆزوو گەرمی ڕیتمی لاواندنەوەی تایبەت بەخۆی، توانی جێگەی خۆی لەناودەڵی گوێگرانی بکاتەوە... لەسەرینی پڕفرۆشی( زیاتر لە ٦٠٠٠٠) ی ئەم بەرهەمە، کە شاکارێکی پڕ لە بەهرەو چێژی گۆرانی و موزیکە، خەلاتی گرامی لەلایەن سوید و دانیمارک پێبەخشرا، ئەم خەڵاتە ناوەکەی لە گرامافۆن وەرگیراوە و لەساڵی (١٩٥٩)وە دەبەخشرێ بە خرۆشی داهێنانی ئەم ڕشتە پڕ لە ئاهەنگوو ئێستاتیکییەی بواری هونەری موزیک و گۆرانی، کە لەهاوشێوەی خەڵاتی ئۆسکارە بۆ داهێنانی بەرهەمی سینەمایی. بەرهەمی سێیەمی لەژێر ناوی( بەستەی سەربانێژە) بڵاوکردەوەو هەمان جێکەوتەی جوانی خۆی هەبوو لەناو هەوادارانی. بەو هیواییەی دەنگخۆشانی کورد بتوانن وەک ئەم کەنیشکە دەنگخۆشە بەسەبروو زانینەوە لەناو کایەی موزیکی کوردیدا، هەستوو سۆزی گوێگرانییان بۆخۆیان ڕاکێشن. ئەو بەڕێزانەی  وەک دەستگای نانی ماشێنی هەفتەو هەیڤییان لێ ئاوانابێ بەرهەمێکیان هەییەو بە کەرتکە دەنگی ڕەقوو کەرخوو زڕەکانیانەوە بە هەموو تیفتیفەو چاکسازی بەرنامە دەنگییەکان، هێشتا زیاتر لە فۆتۆمۆدێل دەچن و لە کلیپێکدا هەڤدە کەڕەت خۆیان دەگۆڕنوو هێشتا لە خۆیان ناڕازینەو پێیان وایە موزیک کورتی هێناوەو هۆنراوە سەقەتوو لەنگەو بڕییان بە فەزای نەرمی هونەر ناشکێ و وادەزانن لەبەر کڵۆشی کراسوو دەرپێو تەقەڵی دورمانوو جوڵەی نواندن، جوان دەرنەکەوتوون. زۆرێ لە خەڵک لاروولەنجەو جلە ئاڵوواڵاکانیان دەبینن و لەوانەییە بۆنی عەرتوو بەرامەشیان هەستپێکراوبێ، بەڵام هزروو هەستی گوێگرانیان بۆ زۆر شتیتری دوور لە جوانی و سازی هونەری موزیک و دەنگی خۆش بەڕێدەکەوی....
هەڤاڵ سەید حەسەن
١٦/١/٢٠١٤
بۆ بینینی کلیپی ( ڕەشیش ڕەنگە) کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە

Black is the colour


سەرچاوەی ئەم نوسینە بۆ کۆمەڵی ماڵپەڕو واڵی ئەلکترۆنی دەگەڕێتەوە، لەوانە:


15‏/01‏/2014

لە تلیشی جوانییەوە دەتانبینم



ڕۆژێ دێ  ساواکانیش هەراش دەبن، ئەوانەی کە ئەمڕۆ گەنجوو جوامێروو پیرن، هەریەکەو لەپێگەی خۆییەوە سەیری باڵای ژیان دەکاو لە  گەشەو هەراشی بەردەوامی شتەکان دەڕوانێ... ئەوەی کە زۆربەمان لێی دڵنیاین هیچ هێزێ ناتوانێ هەتا سەر بەر بە گەشەی ژیان بگرێ. نە تێڵای دەستی پۆلیسەکان، نە هەڕەشەو گەفی سیاسییەکان، نە وشە پڕ لە گاڵتەجاڕییەکانی دەربارییەکان، نە پارەو دەستەڵاتی کەسوو عەشیرەتە خۆپەرستەکانی  ئەمڕۆ کە کوارگ ئاسا بەبێ کردوو کێڵوو شۆبڕی  دیار، هەر لە پڕێ بوون بە کوڕی گیرفان پڕی ناو بازاڕوو بانکەکان.
قبووڵکردنی ئەم باوەڕە زۆر سەختوو نەکردەییە بۆ هەندی، بەڵام کە دەستە پڕلەکاروو ماندووەکان، ڕۆحە پاکوو شەریفەکان، هزروو هەستی مرۆڤە ئاسایی و بێ دەعییەکان کرایەوە، ئەوسا سێڵاوی عیشقی شەقام، لافاوێکی بەلرفەوو هەڵچوو دێنێتە ناو حەوشوو ماڵی هەر هەمووتان، نە لولەی دەم بە گڕی چەکەکان دەتوانێ دەنگی ئەم هەمووە کڕکاتەوە، نە پارەکانتان فریای کڕینی کۆیلەو جلشۆڕی تەکوزوو تازە دەکەوێ، نە خۆتانیش  خێروو چێژ لە داهاتوو ژیان وەردەگرن...
هیچ کاتێ درەنگ نییە، بۆ هەریەکێ کە مانایەکی گونجاوو جوان لە بوونی ئەوڕۆی خۆی هەڵێنجێ،  دەستەڵات و هەبوونی خۆی لە گەڵ سادەترینوو بێئارایشترین جوانی و پیرۆزی ڕێگای ڕاستی تێکەڵکا...
هەڤاڵ سەید حەسەن
١٥ / ١ / ٢٠١٤

12‏/01‏/2014

هەولێر شاری خۆشەویستی بوو لەزوو ئەمڕۆ شاری بالەخانەو دیواری زلە هەموو شتێکی تیادا دەبیندرێ تەنها ئازادی تێدا وونە


گرنگی شارێ لەوەدانییە چەندتەمەنە، ژمارەی دانیشتوانی چەندە، باڵەخانەکانی چەند فراوانوو بەرزە، ژمارەی مەزگەوتوو کلێسەکانی زۆرە یاکەمە، شار بە مرۆڤەکانی تیایدادەژی سیمادەگرێ، لەهەر ڕووبەرێکی خاکا تێبینی ئاوەدانیت کرد، مرۆڤەکانی بە ئەندازەییەکی باش بەختەوەروو ئاسودەبوون، لەئاسایشا دەژیان،بەئاسانی تێبینی شانۆو سینەمەو پارکەکانی دەکەی کە نەک هەر مرۆڤەکان بەلکو کێشکەو ککوختی و کۆترەکانی ئەم دەردۆرە،ش ترسوو نیگەرانیی ناناسن، لەیەکتر ناترسن، هێوری و خۆشەویستیو لێبووردەیی لەسیمای گیانداروو بێ گیان دەخوێنییەوە 
هەڤاڵ سەید حەسەن
مرسلة بواسطة ماڵپەڕی هەولێر في 5:28 م http://img1.blogblog.com/img/icon18_email.gif 


کوشتنی بێ سیناریۆ


  ئەو ئێوارەییەی کە ئەهریمەن دڵرەقی خۆی نواند، نەیزانی فیشەگەکان تەنها جەستەی کاوە دەگرێتەوەو  ڕۆحی لە ئاگروو ئاسن پاراستراودەبێ. نەیزانی سێبەری هەستپێکراوی ئەم گیانە باڵدەگرێو دوای وچانێکی کورت پاش  ماڵئاوای لە دایە پیرە بەبێ سەخڵەتی و لە شیوانەنوێژکردنی، هەڵدەستێ بە ماچکردنی شانوو سەڵتەی ئەوو هاوسەرە دووگیانەکەی. پاشان دەگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆیوو دەستێ بە دەرگە شڕەکەی ماڵیانەوە دەگرێ و سەیرێکی کۆڵاندەکاتوو ئاهێ بۆ تاریکی ئەم ئێوارە ساردوو سڕە هەڵدەکێشێ و سوکەسەیرێکی  سوری خۆڵەپۆتەی بەرپێی و دامێنی دەرگا ژەنگاوییە تەڵخو ئاڵەکە دەکا، دوای دامانێ بە ئارامی  دەرگاکە دادەخاو  بێدوودڵی، ڕێگەی هەوارە ڕۆح دەگرێ و گوزەر دەکات بۆ هەورازی چواروەرزە بەهاری بێ شەو، بۆ  هەساری گۆڵە گوڵی نەمران سەفەردەکات. ئەو لەوێ وەک نوسەروو ڕۆژنامەوانەکانی سەر عەرد هیچیدی پێویستی بە ڕووماڵی ڕووداوو نوسینی وتاروو جاوپێکەوتنی تێڤێکان نییە، پێویستی بەدواداگەڕانوو وردبوونەوە لە عەقڵی دزوو دڵڕەقەکانی سەر ئەم عەردە نییە، پێویستی بە ئەندامییەتی نییە لە هیچ کام لە کۆمەڵەو یەکییەتییەکانی  ناوەندی ئەدەبی و سیاسی و هونەری، ئەو لەمڕۆوە خەرجی خۆی گڵناداتەوە بۆ هیچ سەدنیکایەک، ئەو لە شوێنێکی زۆر ڕۆنوو بێکێشەو ئارامە،  لە پەڕگەی ئاسمانەوە لەو چاوگە هێورو بێ گرێیەی کە ئەستێرەو زانین و سۆزوو هەستەکانی تیادا دەئافرێ گیرساوەتەوەو بەبێ ماندوبوون، لە هەموو ماجەرای خۆشوو ناخۆشی سەر ئەم زەمینە دەگات. بۆیە  ئەم هەڵە کوشندەیەی ئەهریمەن لە کەلار زۆر کەم وێنەبوو، نمونەی ئەمەی نە  لە کۆنە شاری پڕ لە ئەشکەوتی ڕەشی پڕ لاشە،نە لە سەر ڕۆڵێتی قومارخانەکانی پترۆڵی نزیک، نەلە  ڕەشپۆشترین و  بەدبەخترین پیرە پایتەختی دوورە بەیاروو بێخاوەنوو زۆر دۆڕاوی تۆزلێنیشتوو، لەشارەقەڵای دیواری بپێ  قوڕوو کەرپوچوو بی بەرگریش ، هەرگیز شتیوای بەرچاو بەرگوێ نەکەوتبوو. ئەو هەمیشە وەک دراما پۆلییەسییەکانی ئەمریکی و هیندی و میسری دەیتوانی لەجیاتی یەک سیناریۆ هەزارانی بە شەوێ بۆ داتاشێ و بهۆنێتەوە،  بە خوردەی  شیرینی و بەخشیشێکی زۆر کەمی داهاتی گەمان، دوور لە  ئەجێندای مرۆڤ و ڕاوەدولکەو نیگەرانییە ئاساییەکانی ئاژەڵانیش، دوور لە خورپەی دڵ و دوور لە عەقڵی پڕ لە پرسیاری ئینسان، پێشتر دەیتوانی لەسەر مێزی تابۆرێ لە تارمایی و مۆتەکەی سوخەت گۆڕاو، چەند درنجوو جامشتێکی هزرمردووی حەز لە پارەو قەڵەم تۆقیو، لەسەر پانترین پشتەملی بە بۆنباخی ئەفەندییە هەجینەکانی ناوەوە یا تاراوگە، ئەوانەی کە لەلێکهەڵپێکانی مەعریفەی سیاسی و ئیتیکی ئەدەبوو نوسینا هەرگیز بۆ چرکەساتێکیش دۆشدانامێنن و هەموو تەکنیکوو زانینێکیان لەبەردەستایەو هیچ باکیان بەخوێنوو ئێشاندنوو ڕاستی نییە، دەیتوانی باشترین و تەڕترین چامەی سیاسی و گوتاری وێژەیی بۆ بەڕاداندا. بەڵام ئەمجارەییان باهۆزەکە بەکەیفی کەشتی ڕفاندن و کوشتن  هەڵی نەکرد، داوەکەیان لێبوو بەڕیس، ماستەکە سەروو ڕدێنی پسپۆڕانی ژەهروو دزی و دەستدرێژی گرتەوە. هۆی ئەم ئاشکرابوونە نە بۆ زانکۆکان دەگەڕێتەوە، نە بۆ بەهرەی هونەری هونەرمەندان و نەبۆ زیرەکی پەلەمانتاروو فەرمابەروو ئاوقاتەکانی ئەم دەڤەرە دەگەڕێتەوە. بەڵکوو هەژاری لەڕادەبەدەروو سێ بڕینوو برینی زۆر بەئێشوو قوڵی گولە بوو بە پەتکێکی سورو لەملی ئەو شەڕەنگێزە خوێنڕێژە ئاڵا کە پێشتر هەروەک خۆمان وێنامان دەکردوو جیامان نەدەکردەوە. ئەم هێڵە سورە بوو بە هەوێنی تێگەیشتنێکی جیاواز کە زۆر دوورە لە هزری باڵەخانە فەرمییەکان، لە شرۆڤەو لێکدانەوەی یاسایی و فەلسەفی و سیاسی ناو هۆڵەکانی دادگاو سەکۆکانی نمایش و ڕەوانبێژی. ئەم ئاشکرابوونە بەرچاوڕوونی و تێگەیشتنێکی لەگەڵخۆی هێنا، کە بینینوو ناسینەوەی دڵڕەقی ئاسانکرد بۆ هەمووان، تەنانەت خودی ئەهریمەنیش دەیەوی لەبەر دڵرەقی و دەستڕەشی، هەرسی بوونی خۆی بکات، یان جیابێتەوە لەم بەشەی خۆیوو ئەو پاژە زیندووەی کە تیادا ماوە بەخەڵک بسپێرێ.

هەڤاڵ سەید حەسەن
٢٥/١٢/٢٠١٣

جێبەجێکاری پلانە ڕەشەکان


زۆرجار ئێمە خۆمان هاوکاری خەراپەو تێکدانی زیاتری شتەکانین، لەوانەییە ئەمڕۆ بەهێزترین و قوڵترینی بۆچوونەکان، لە درۆیەکدا خۆی ببینێتەوە کە زۆر لەڕاستی دەچێ و زۆرێ هەستی پێدەکەن بەلام خۆیان لەم هەستانە ناکەن بەساحێبوو ، لەئاستیا خۆساڵۆسدەکەن، هەریەکە لە هاودەمانمان، بە ئەنگیزەو مەرامێ پاکانە بۆ تەمەن درێژی درۆو ناڕاستی دێنێتەوە.... ئەمڕۆ واپێدەچێ هەر قوتبوو قودرەتێ کە هەییە  بڕیاری کوشتنی شتێکی داوە، یا تینوی تۆڵەسەندنەوەییەو هیچ شتێ هەدای نادا تا ئەودەمەی بەرامبەرەکەی وەک خۆی لێنەکات، خۆی بە بێکەڵکوو  نابوتو خەسڵەت حەرام دەزانێ...ئەو بارەی ئەمڕۆ بوونی هەییە وڵاتمان بەرەو وێرانی دەبات، هەر ئەو پلانە دزێوەییە کە ئاستی قەیرانی ئینسانی کورد لەناوەوە زیاددەکاتوو هەلومەرجی نائاسایی لە هەموو ناوەندە مرۆییەکان بەبەردەوامی دێلێتەوە تا هەڵی لەبار دێتە پێشێ بۆ ئەو هێزەی کە لەدوای ڕاپەڕینەوە پلانوو بەرنامەی تێکشکاندنی هەموو جوانییەکانی  ڕۆحی و مادی ئینسانی کوردیان داڕشتووە... ڕۆحییەتێ زاڵکراوە زۆر کولوو کۆڵوو تاریکە، لەهەردوو سەردا، ژیانوو حورمەتی ئینسانی تیادا بە ئەندازەییەکی زۆر فەرامۆشکراوە.... بێننە بەر چاوتان ئەم ئەتوارە ڕاسپۆتینییەی لەناومانا دەگوزەرێ، دەبێ خەتا بکەین تا خوداوەند  بەراتوو بەهرەی تۆبەکەمان پێ ببەخشێ، دەبێ سەرۆک و خاوەن مەقاماتەکانی ئەمڕۆ چ خەتایەک مابێ  نەیانکردبێ بۆ تێکشکاندنی یەکییەتی خەڵکو کۆدەنگییان، ئەوە لە کەرکوک و  سەرجەم  ئەو ناوچە کوردییانەی کە عەرەبوو تورکە ڕەگەزپەرستەکان چاوی تەماحیان تێبڕیوەو ، بە گوێرەی ڕەوشی ئەمڕۆ، دەبێ چارەی کرێتوو خۆپەرستی تێکدەرانە بەتەکامول بگاتوو هێزی زێرەڤانی بنێردرێ تە سەر خەڵکی کەرکوک گەر داوای پێکەوە ژیان و خۆ گرێدان بە هەرێمی کوردستانەوە بکەن. ئەمڕۆ ئەو بنەما ئاوەزییە،  دەستەڵاتێکی زۆری هەییە،  شتێکی سەیرو غەریب  نییە. چۆن ئەوڕۆ لێکی ناکەینەوە ئەوەی لە گەڵ مەڕان شیوەندەکاو لەگەڵ گورگە بۆرەکانیش گۆشت دەخواو کەلبەو زمانی بە گۆشتوو خوێنی گەرموو تازەی خۆماڵی چێژداردەکات .. تاکوو ئەمڕۆ جەوهەری ترین و ڕەسنترین درۆ ئاوێتە بە توێکڵە ڕاستی کراوەو سەرفیاتێکی باشی لەبازاڕی سیاسەتدا هەییە... ئەوەی دوێنێ نەفت دزبوو ، ئەوەی دوێنێ شەقڵی خیانەتی نیشتیمانی لەناوچەواندا درابوو، ئەمڕۆ نەیارەکانییان دڕندانەتر لەهەر کات تێکبەربووینەو لەسەر گرێبەستی مارەبڕینی تازە شەڕدەکەن.. ئاغای ئەرغەیانوو  گاکر، پاشای عەرشی ڕەش، سمێڵی قەیتولی خۆی بادەداو، نازانێ چێژی ئەم خەتا تازە داهاتووە، لەبەربوونەوەی کامیاندا زیاتر دەبێ، تا بەسەری ڕابگات... بەڕێزان ئەمڕۆ ئەگەر خۆمان پێ ڕاستگۆو بەویژدانوو بەڕەوشت بیت، دەبێ ئەو کەسانەی کە بەزانینەوە درۆدەکەن ، بە کەیفی خۆیان لێکدانەوە شیکار بۆ شتەکان دەکەنوو واشدەزانن  خەڵک باوەڕیان پێدەکات، گرنگە  بۆجارێکیشبێ  بەم سەرە پڕ گرفتوو زیانبەخشە بڵێن، تۆ ڕووتوو قوتی ئاگات لەپێ و ڕۆینت بێ، ڕووتانەوە بەو مانا عەقڵ ڕواڵەتییەنا، بەڵکوو  بەمانا قوڵوو پڕ لە تەنزوو کینایەکەی، شەرەفێکی گەورەییە بۆیان گەر وەک غاندی  سنگوو پشتیان دیاربێ و بەرگوو پەلاسیان پاژە پەڕۆیەک بێ، بەڵام ڕاستگۆ و ئینسانیبن.. ئەرێ بەڕێزان ئێوە بڵێن ئەگەر شەرمشکاوی دوێنێ و دەبابەکانی ٣١ ئاب و دزینی پارەی گومرگ و دەستبەسەرداگرتنی زەوی، شار، قەدەغەکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی شاروو دێکان لە مانەوە لە زێدی خۆیان، سیاسەتی تورکاندن و عەرەباندن و هەموو ئەو بەڵێندەریو شەراکەتە تێکدەرانەی کە بوونی هەییە وەلانێن، هەوڵدەین قۆناغێک لەمڕۆ لەپێشتر بین، بیننە بەرچاوتان ساڵی ٢٠١٥ مامۆستا کرێکار و ئەبو دەرداوو  ابو سەیاد و سەفاح لە بڵندگۆی مزگەفتەکانی کوردستان هاواری بۆ عەرشی خودا بەرز دەکاتەوە و داوای ئاگری دۆزەخ لە ئاسمان دەکات و گلەیی لە دڵنەرمی و مرڤکوژەکان دەکات کە جیاکارییان کردووە لە کوشتندا، نابێ کوردێک و ئەمریکییەک و شیعەیەک لەیەک جیاکەنەوە، بڕیاری خوداو مەشیئەتی ڕەتکرێتەوە.. بێننە بەرچاوتان، ڕەوشی ناو شارەگەورەکان زۆر لە سەید سادق نزیکبووبێتەوە، سوپای عیراقی خۆی باش پڕچەک کردبێ و لەسای تەنگەژەو ئەزموونی بەردەوام، باری ڕوحی باشتربێ لەجاران. ئایا گەر لەناوەوە شەقام و خەڵک کۆدکرابێ و دژ بە بوونی خۆی بجوڵێنرێ، ولاتانی دەورووبەر گوشاربێنن و پارەو داهاتی کوردستان کە بە فەرمی لەلا دانراوە سڕکرابێ و دژ بەخۆمان بەکاربهێن،  بۆ سەرگرتنی  ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستان کەڵک لە داهاتوو لە مرۆڤی کورد وەرگیرابێ، ئایا ئینسانی کوردوو خاکەکەی پاروویەکی ئاسانوو چەور وەک چەشەی بێ ماندووبوون ناکەوتە بەر شاڵاوی کەلبەو دەمی ئەمانە... من وای دەبینمەوە کە تەنگەژەی ناوماڵی کورد بەشێوەی ئەمڕۆی نەزیفێکی گەورەییە، لاوازکردنمان لەناوەو دەستیپێکردووە.. تا ئەو کاتەی لەبەرڕۆینی هێز دەگات بە چڵە پۆپە، گەندەڵی لە ترۆپکادەبێ، کوشتنی جوانترین و ناسکرتین توێژاڵی نێو کۆمەڵگە بەردەوام دەبێ، کلۆرکردنی دەستەڵاتەکان و داهێزرانیان لە ڕووی متمانەوە ڕوو لە هەڵکشاندەبێ، کەشێکی پڕ لە عەبەسییەتوو ڕقوو تووڕەویی ئاوەز کۆنتڕۆل زاڵدەکرێ، تا وادەو میقاتی ئەو لەقەییە دێ کە لەدەرەوە تەواوکەری ناوەوە دەبێ... ئەمڕۆ لەهەمووکات زیاتر پێویستمان بەیەکتر هەییە، دەبێ بەهۆشەوە لە  پاشکۆی پڕ لە مەحکومییەتی حزبی و ئایدیۆلۆجی خۆمان بڕوانین، ئێمە کەسمان فرشتەی بێخەتا نین، تا پێویستمان بە خۆ پاککردنەوەو مشتووماڵی بوونی فیزیکی و ڕووحی و هزری نەبێ  ، دەرفەت دان بەخۆمان، دەرفەت دان بە بەرامبەرەکانمان بۆ  چاککاری و بەخۆداچوونەوەی بەردەوام بۆ گێڕانەوەی شتەکان بۆ شوێنی درووستوو ڕەوای خۆی..  بەڵام  دەرفەتدان بە دڵڕەقی و خاپاندنوو درۆو ناڕاستی و دووبەرەکایەتی لەسەر بنەمایەکی نامرۆڤانەو نا ئاوەز، ئەو قوفلدانوو بێچارەییەی لێدەکەوێتەوە، ئەو کابووسە دزێوەی لەخەونەکانمانا  لێیهەڵدێین دێنێتە ناو ژیان، دەبێ ئەوسا وەک دیرۆک و پەند خۆمان بە نموونەی خەراپە بێنینەوە، بۆ هەتا هەتا زەلیلوو بندەستەی تورک و عەرەبە شۆڤێنییەکان بین، ئەویش لەبەر یەک ڕاستی ساکار، لەبەر ئەوەی لە دوونیایەکی گۆڕاودا، هەموو بارێکی ئاڵوگۆڕی تیادا شیمانە دەکرێ.. بەلام ئەوەی بەئاگاییەوە لەناو شەتەکاندا دەیگوزەرێنێ، هیوای زیاترە لە تابووری بێئەژماەی هزر دەروێشان ..
هەڤاڵ سەید حەسەن

٧/١/٢٠١٤

بەخیربێی بۆ ژیان( ئاماد )



لە هەواری قوڵترین  زاموو مەراق ، لەناو کانگای کۆستی مەزنوو پڕ لە ئێشا، چاوە بچووکەنانت هەڵێنا، باوکت زۆر تامەزرۆی بۆنوو بەرامەی سەر کوڵموو ناوچەوانوو قۆچکەکەت بوو، بۆ درەوشی چاوەکانی تۆ  ژیانی هەڵڕێشتە ناو خوڕگەی بێئامانی ڕووباری ڕەشی دڵڕەقی. ئەو زۆر لە ئاسنگەرە ئەفسوناوییەکە بەهێزتروو بە هەستربوو، ئەو تەنها پلاکارتێکی بەدەستەوە گرتبوو لەسەر یەکێ لە شۆستەکانی بازاڕی کەلار وەستابوو، بەگژ یەکدنیا ناحەقی و دڵڕەقی دادەچۆوەو باکی بە ئەهریمەنی مەرگیش نەبوو. باوکت دەیویست تۆ  ئەنفالت لەبیرچێتەوە، دەیویست تۆ لە زبری ڕۆحوو خەیاڵی پڕ لە پێچەنوو گرژی  شەوگەرد دوورخاتەوە.   ئێستا ئەو لە کڵاوڕۆژنەی نەمری خۆرەوە  لێمان دەڕوانێ و هاتنی تۆی زۆر پێخۆشە. لەگەڵ میوانە بێدەنگوو دڵتەنگەکان هاوسۆزی نیشاندەداو گڕووگاڵی گەرمی ژیانخوازەنەی تۆ لە گوێو هزریانا جێگیر دەکات، سوری ڕوومەتوو لەرینەوەی لێوی تەنکتر لە هەناسەی تۆیان پێشاندەدا. پێو قەدەمت بەخێر هاوڕێ چکۆڵەکەم، تۆ لەسۆزی هەموو دایکان و باوکانی نیشتیمان ئاڵاوی. پێوقەدەمت بەخێر.

هەڤاڵ سەید حەسەن

ساڵی ٢٠١٤ تان پیرۆز


ئەمڕۆ پێدەنێینە ناو یەکەمین ڕۆژی ساڵی ٢٠١٤ ی میلادی، پاروو هەموو ڕۆژگارە خۆشوو ناخۆشەکانی پێشوو تەڕەلاسکەی ئیلهامبەخشی ڕۆژەنووێکانمانە، ئەزموون و تیاژیانی دووێنێمان ، کارە باشەکانمان، وتەو سەرگوزشتە خۆشەکانمان، هەڵوێستوو کاری بەجێو پڕ لە گردووکۆمان، خۆبەخشی و خاکەڕایی گونجاومان، هاوسۆزی و هاوپشتیمان، دڵسۆزی و ڕاستگۆییمان هەوێنوو ئیلهامبەخشدەبێ بۆ پڕکردنەوەی  واتاو مەبەستەکانی مانەوەو بەردەوامی ئەمڕۆ ..ئاشکرایە هەریەکەمان داسوو مەڵاغەو دەستی هەر ئەوەندەی بڕی و هەریەکەو بەگوێرەی نیازپاکی، بەشێوەی خۆی گەوزی خۆی لێدا. هەموو تاڵیی و سفتوسۆی کەسەرەکانی دوێنێ، هەموو شکستوو  هەڵەکان، هەموو پەینووپاڵی باندراوی  دووبەرەکایەتی دەورووبەرمان شیاو بە تێگەیشتنی زیاتروو ڕامانوو  کارسازی و ڕووبەڕووبوونەوەییە. دەشێ شتەکان هەندێجار بێماناو بێ سەرەنجاموو پڕ لە داوەڵوو زڕخەیاڵ خۆیان بخەنەڕوو، خۆمان لەسەر هەوارێکی خاڵیدا ببینینەوە، دەرەقەتی تینوو هەژموونی دڵڕەقی ئاکاروو وشکی و زبری وتەو ڕاستاو پاستانی پانتایی هەراوی زبڵووزاڵە مادی و مەعنەوییەکانمان نەبووبێ، بەڵام نەکەوتینە قوڵکەی ڕێگاو لەو کەمەی کە کردوومانە لەڕووی ماناوە جوانترین و ڕێکوو تەکوزترینیانە. من بەچاوی خەتاپۆشی سەیری دوێنێ ناکەم، ئەو تێکدانەی کە لە زێدەڕەوی و تەماح و چاوچنۆکی و ڕۆحێکی نائاراموو گرژدا دوێنێ هەستمان پێکرد، ئەمڕۆ تەنها بە کاردانەوەییەکی سەرچڵانە بەرزەفت ناکرێ، بەڵکوو هاوکاری و هۆشیاری و تێگەیشتنی دروستوو و دانبەخۆداگرتنوو لێبوردەیی سەرووسیما دەدات بە خەونەکانمان و ژیانی بۆ بەلادادێخێ.
بەبڕواوە پێمخۆشە هاوڕێیان ساڵی تازە پڕبێ لە سەرنوێشکی خۆشترین خەڵاتوو بەراتی کاروو خەباتی هەر ڕۆژەتان، ئارامی و شادی کونجی ماڵبەماڵوو ناخبەناخی هەرهەمووتان بگرێتەوە. خۆتان و هاوسەروو هاوڕێ و خاوخێزانتان  لەباوەشی خۆشی و ڕێزوو تەناهیدابن.. سەرەساڵتان پیرۆزبێ.  هەر چەندە بەهۆی کارەوە ئەم شەو لەگەڵ خاوخێزانوو هاوڕێیانم نەبووم، بەڵام دڵنیام شادی و خۆشی باڵەپڕژەی بۆ سەر هەمووتان هاتووەو سێڵاوگی خۆشی ئەوقی ئاسانی پڕ لە ڕۆشنایی کردووە..
هەڤاڵ سەید حەسەن

١ / ١ / ٢٠١٤

23‏/08‏/2013

یادی شاعیری مەزن شێرکۆ بێکەس


           ڕەوەندی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری لەڕێگەی هاوکاری ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،  کۆڕێکی ڕێزلێنانییان بە شکۆمەندی و جوانییەکی شیاو بە مامۆستای نەمر شێرکۆ بێکەس بەڕێوەبرد... دیارە جوانیوو لەخۆبایی بوونی وشە، فوارەی هەستی کۆپەڵەو چامەی شیعروو ڕەوتی  پەخشان، دەسکەنەی شەنگوو شەتەکدراوی یاڵی خەیاڵ، بۆ هەڵنانی تابلۆ بۆ مەزن بۆ مناڵ، دوور لە چاوەمیهرەبانەکەی مامۆستا شێرکۆ، بەدەر لە وشەکانی سەرزاری ئەو، نەدەکرا ئەوڕۆژە بخەمڵێ و ببێ بەیادەی ئەو.. بۆ یە هەر بە کەرستەکانی خۆی هەر بەجوانی هەڵوێستی خۆی، هەر بە خەتوو هێڵی شاوری هۆنەرانەی خۆی، ئەوڕۆژە چووە ناو زاکوونی مێژوو.. هەر هەموو ئەوانەی کە چۆنە سەرسەکۆی هۆنینەوەی هەستوو هەڵبەست... لە بێگەردو بازگرەوە تا خاڵە حەمە لەچاوی شیعرەکانی ئەوڕامان، لەڕەنگی ڕەنگاڵەو چرای ناو  دیوانی ئەو، نەک  هەرئەوان بەڵکوو زۆربەمان لەژێر سحری شەپۆڵی دەنگی سرکوو زوڵاڵی هاتوو لە بەهەشتی هۆنراوە، تەوێڵی مارۆی ژانی زامەکانی ژیانا، لە نێو کوختوو کەوێڵی ڕوولەخۆروو باهۆزی ئەو، لەنێو مەتەرێزی سەرترۆپکی دیوانی ئەو، بە کاڵانی وشەوو شمشێری مانای حەجەکانی ئەو، بۆ مێژوو، بۆ کۆمەڵگە، بۆ کلتوور، بۆ سیاسەت، بۆ ڕۆحی یاخی، بۆ ڕێگەی دووروودرێژی بەرەنگاری سەردەمی ئەو، شیعر بوو بەنان، شیعر بوو بەماڵ، شیعر بوو بەباڵ. ئێستا ئەو لە ئاسمانەوە لەگەڵ ئەستێرەکان جریوەی چاویدێوو فرمێسک بۆ خەلکی سەرزەوی هەڵدەڕێژێ، لە هەورەبانی خۆرەوە لەتیشکوو لە گەرمی ناودڵی ڕۆژگار دەڕوانێ، جارجار چاویلکەکەی بڵنددەکاوو چێژ لەبینینی باران، خۆشی لە فڕینی هەڵۆ، خرۆش لە ڕەوتی جۆگەو ڕووبار، هەژان لەباڵای جوانوو ناسکی شیعر، لەناو دووتۆی کەشکۆڵە دیوانەکەی خۆیدا دەبینێ....
هەڤاڵ سەید حەسەن

١٨ / ٨ / ٢٠١٣ 

28‏/04‏/2013

لینکەکانی تیرۆر



باوانی ئەودوو کوڕەی کە تاوانبارکران بە تەقاندنەوەی بۆمب لە نێو گەرمەی پێشبڕکێی ماراسۆن لە بۆستۆن، کە بووە هۆی کوژرانی ٣ کەسوو برینداربوونی  زیاتر لە ٢٦٠ لە و هاولاتییانەی کە لەشوێنی ڕووداوەکە بوون.. بەگوێرەی هەواڵ، ئەم بۆمبە بۆ نیۆیۆرک دانرابوو، ئەو مەتریالانەی لە دروستکردنی بەکارهاتووە زۆر نزیکە لە شێوازی ئەندەش بێهرینگ ، کەلە ٢٠١١ لە نەرویج، بە کارێکی تیرۆری هەڵسا. ئەنگیزەی ئەندەش لە کوشتنی پەناهەندە و دانانەوەی بۆمب،بریتیبوو لە تێکەڵەی  ترس لە ئیسلاموو باوەڕی ڕەگەزپەرستی و  ناتەواوی باری دەرونی..... ئەوەی بۆستۆنیش سەری پێچەوانەی هەمان دژواری و دڵڕەقیی و تۆڵەسێنی هەندێ لە پەڕگیرە سەلەفی و جیهادییەکانە کە ڕقیان لە ئاینزاکانی ترەو بە تەعەسوبوو دەمارگیری لەگەڵ دونیای مۆدێرنوو ئارام مامەڵەدەکەن...
هەڤاڵ سەید حەسەن
سەرچاوەی هەواڵ یۆتۆبۆریپۆستن و ئەفتۆن بلادت و چەند ماڵپەڕێکی تر..