بحث هذه المدونة الإلكترونية

23‏/08‏/2013

یادی شاعیری مەزن شێرکۆ بێکەس


           ڕەوەندی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری لەڕێگەی هاوکاری ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،  کۆڕێکی ڕێزلێنانییان بە شکۆمەندی و جوانییەکی شیاو بە مامۆستای نەمر شێرکۆ بێکەس بەڕێوەبرد... دیارە جوانیوو لەخۆبایی بوونی وشە، فوارەی هەستی کۆپەڵەو چامەی شیعروو ڕەوتی  پەخشان، دەسکەنەی شەنگوو شەتەکدراوی یاڵی خەیاڵ، بۆ هەڵنانی تابلۆ بۆ مەزن بۆ مناڵ، دوور لە چاوەمیهرەبانەکەی مامۆستا شێرکۆ، بەدەر لە وشەکانی سەرزاری ئەو، نەدەکرا ئەوڕۆژە بخەمڵێ و ببێ بەیادەی ئەو.. بۆ یە هەر بە کەرستەکانی خۆی هەر بەجوانی هەڵوێستی خۆی، هەر بە خەتوو هێڵی شاوری هۆنەرانەی خۆی، ئەوڕۆژە چووە ناو زاکوونی مێژوو.. هەر هەموو ئەوانەی کە چۆنە سەرسەکۆی هۆنینەوەی هەستوو هەڵبەست... لە بێگەردو بازگرەوە تا خاڵە حەمە لەچاوی شیعرەکانی ئەوڕامان، لەڕەنگی ڕەنگاڵەو چرای ناو  دیوانی ئەو، نەک  هەرئەوان بەڵکوو زۆربەمان لەژێر سحری شەپۆڵی دەنگی سرکوو زوڵاڵی هاتوو لە بەهەشتی هۆنراوە، تەوێڵی مارۆی ژانی زامەکانی ژیانا، لە نێو کوختوو کەوێڵی ڕوولەخۆروو باهۆزی ئەو، لەنێو مەتەرێزی سەرترۆپکی دیوانی ئەو، بە کاڵانی وشەوو شمشێری مانای حەجەکانی ئەو، بۆ مێژوو، بۆ کۆمەڵگە، بۆ کلتوور، بۆ سیاسەت، بۆ ڕۆحی یاخی، بۆ ڕێگەی دووروودرێژی بەرەنگاری سەردەمی ئەو، شیعر بوو بەنان، شیعر بوو بەماڵ، شیعر بوو بەباڵ. ئێستا ئەو لە ئاسمانەوە لەگەڵ ئەستێرەکان جریوەی چاویدێوو فرمێسک بۆ خەلکی سەرزەوی هەڵدەڕێژێ، لە هەورەبانی خۆرەوە لەتیشکوو لە گەرمی ناودڵی ڕۆژگار دەڕوانێ، جارجار چاویلکەکەی بڵنددەکاوو چێژ لەبینینی باران، خۆشی لە فڕینی هەڵۆ، خرۆش لە ڕەوتی جۆگەو ڕووبار، هەژان لەباڵای جوانوو ناسکی شیعر، لەناو دووتۆی کەشکۆڵە دیوانەکەی خۆیدا دەبینێ....
هەڤاڵ سەید حەسەن

١٨ / ٨ / ٢٠١٣ 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق