خۆبەدەستەوەدانی نازیستەکانی ئەڵمان لە ٨ / ٥ / ١٩٤٥ پایانی ڕۆژە خوێناوییەکانی
جەنگی جیهانی دووەم بوو! بەردانەوەی زیاتر
لە ٧٥٠ هەزار تۆن بۆمب بەسەر ئەڵمانیا و تەقاندنەوەی ملیۆنەها خومپارە و فیشەگ،
زۆرێ لە پایتەخت و شارەئاوەدانەکانی گێتی کرد بە کەلاوەی سوتاو و تەنها بۆنی هەڵکروزاوی
لاشەی مرۆڤ و بارودی لێدەهات!
چەکەکان بێدەنگکران لە ئەوڕووپا، بەڵام شەڕو کوشتار
لەیابان درێژەی کێشا تا هیرۆشیما و ناکازاکی لە ٨ و ٩ / ٨ / ١٩٤٥ بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومان کرا
و بەرەبەیانی ٢ / ٩ / ١٩٤٥ یابانیش دوای تێکشکانی لەجەنگ خۆبەدەستەوەدانی خۆی
ڕاگەیاند! ئەمڕۆ لەسەراسەری جیهان یادی کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم دەکرێتەوە، باسی
کارەساتەکانی ئەو جەنگەی کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن سەرباز لەم جەنگەدا بەشدار بوو،
ژمارەی زیانە گیانییەکانی شەڕ هەڵدەکشێ بۆ سەرووی ٥٥ ملیۆن مرۆڤ! قوربانییەکانی جەنگ هەر
ئەوانە نین کە لە دراماکانی بەرەی جەنگا دەکەوتن، بەڵکو ئەوانەی بەهۆی نەخۆشی و برسییەتی و ترس و تێکچوون و پچڕانی شیرازەی
ژیانی ئاسای وەک چۆن زمانەی ئاگر پوش و پەلاش هەڵدەلوشێ ، جەنگی پێنجساڵ و هەشت
مانگە بە ملیۆنەها گیانی مناڵ و پیری لەگەڵخۆی برد!
ئەمڕۆ یادی ئاشتی پانتاییەکی مەزنی لە ژیانی گشتی و
تایبەتی بەردەکەوێ، هەموو بەڕێوەبەرایەتی فەرمی و نافەرمییەکان، ڕێوڕەسمی
تایبەتییان بۆ قوربانییەکانی جەنگ و کۆتایی شەڕ هەییە!
کەنیسەکان زەنگی نوێژو نزا بۆ قوربانییەکان لێدەدەن و
بەها بۆ ئاشتی دادەنێن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە
گرنگییەوە لە سەقامگیری باری ژیان و ماڵئاوای لە جەنگ دەڕوانن!
خودی ئەڵمانەکان کە لەسایەی شەڕەنگێزی و مەرگخوازی
نازیستەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوت، یادی شکستهێنانی هێتلەر دەکەنەوە و بە
سفتوسۆو شەرمەوە سەیری دوێنێی کارەساتەکانی جەنگ دەکەن و لەگەڵ ژیاری ئازاد و ئارامی
ئەوڕۆ بەهاو ڕێز بۆ ئاشتی دادەنێن!
هەڤاڵ سەید حەسەن